باخچەى ئاژەڵانى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە
رووداوى پەلاماردانى منداڵێک لەلایەن پڵنگێکەوە لە باخچەى ئاژەڵانى هەولێر نەبووە
+964
وریا فەتاح
لەبارەى رووداوى پەلاماردانى منداڵێک لەلایەن پڵنگێکى باخچەى ئاژەڵانەوە، باخچەى ئاژەڵانى هەولێر روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: رووداوەکە لاى ئێمە نەبووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، “ژمارەیەکى زۆر لە میدیا و راگەیاندنەکان و دەزگا فەرمییەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە رووداوى پەلاماردان و برینداربوونى منداڵێک لە باخچەى ئاژەڵان، لێرەوە بۆ هەموو لایەنێکى روون دەکەینەوە کە ئەو رووداوە لە باخچەى ئاژەڵانى هەولێر نەبووە، بەڵکو لە باخچەیەکى ئاژەڵانى دیکە روویداوە”.
جەختیش دەکاتەوە، شوێنى ئاژەڵەکانیان بە ستانداردى جیهانى دروستکردووە و هەموو سەلامەتییەک بۆ ئەوکەسانە دابینکراوە کە سەردانیان دەکەن.
ئەو روونکردنەوەیە دواى ئەوەهات، کە دوێنێ لە باخچەى ئاژەڵانى بنەسڵاوە، منداڵێکى تەمەن 10 ساڵان کەوتە بەر پەلامارى پڵنگ و بەسەختى بریندار بوو، ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەى رزگارى نەشتەرگەرى بۆکرا و تەندروستى جێگیرە.