دیمەنێك لە فێستیڤاڵی پێشوو بەبۆنەی سەری ساڵ لە هەولێر
بڕۆن كۆشك و كەپر بەخۆڕایی وەربگرن
شارەوانیی هەولێر فێستیڤاڵی ساڵی نوێ سازدەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاشكرای كرد، فێستیڤاڵی ساڵی نوێی 2026 لە سەنتەری شار و لە بەردەم قەڵای هەولێر بەڕێوەدەبات.
شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025 رایگەیاند، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2026، لە پێناو نیشاندانی سیمایەکی جوانتر و رەخساندنی هەلی کار بۆ کوڕان و کچانی شار، فێستیڤاڵی نمایشکردنی کاڵا و بەروبوومی بڕاندەکان، هەروەها چەندین کۆشک و کەپر بۆ بەهرەمەندانی دەستڕەنگین و شێفی خواردنە کوردەوارییەکان لە سەنتەری شار لە بەردەم قەڵای هەولێر ئەنجامدەدات .
“بۆ ئەم مەبەستە خوازیاران و خاوەن بڕاند و بەهرەمەندان ئاگادار دەکەینەوە بۆ ناونووسین دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەشی پلاندانان بکەن لە ماوەی سێ رۆژدا، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 30.11.2025، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە وەرگرتنی کۆشک یان کەپر، کە بەبێ بەرامبەر دیاری کراوە، تەنیا کرێی هێنان و بردنەوەی کۆشکەکە دەکەوێتە ئەستۆی خوازیارانی بەشداربوو”، شارەوانیی هەولێر وادەڵێت.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، فێستیفاڵەکە لە 20.12.2025 تا 1.1.2026 و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت.
شارەوانیی هەولێر ساڵی رابردووش بە هەمان شێوە فێستیڤاڵەكەی ئەنجام دا و ژمارەیەك كۆشك و كەپر لە بەردەم قەڵا و دەوروبەری پاركی شار دانران، جگە لەوە ئێواران ئاهەنگی گۆرانی و بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكران، گەشتیاران و هاوڵاتیان سەردانی شوێنەكەیان دەكرد.