"درێژە بە هەڵوێستی یەکلاکەرەوە دەدەین"
پەرلەمانی توركیا كۆبونەوەكەی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئۆجەلان بە ئەرێنی باس دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا دەڵێت، كۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندەكەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەرێنی بووە و گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و دانانی چەککرا، هەروەها وەڵامی بەرفراوان سەبارەت بە ڕێککەوتنی 10ی ئازار لە سوریا وەرگیرا.
ئەمشەو سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە 18هەمین کۆبونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک – برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی، بڕیاریدا شاندێک رەوانەی دورگەی ئیمرالی بکات و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە، دوابەدوای ئەم بڕیارە ئەمڕۆ شاندێک چوونە دورگەكه و كۆبونەوەیەكی ئەرێنیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكراوە، لەمیانەی كۆبونەوەكەدا گوێ لە لێدوانی تێروتەسەل گیراوە سەبارەت بە راگەیاندنەکانی پەكەكە لەبارەى هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک لە دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە 27.2.2025، هەروەها پرسیارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10.3.2025 يش لە سوریا، كە لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرعی سەرۆكی كاتی سوریا واژۆكرا.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا دەڵیت، ” لە ئێستا بەدواوە کۆمیسیۆن درێژە بە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی خۆی دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی”.
ئەندامانی ئەو شاندەی کۆمسیۆنەکەی پەرلەمان کە چووبوونە دورگەی ئیمڕاڵی بۆ بریتی بوون گوڵستان کلیچ کۆچیگیت سەرۆکی فراکسیۆنی (دەم پارتی)، فەتحی یەڵدز جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و لە ئاکەپەش حوسەین یایمان.