پێشانگایەكی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتوونان و پلاستیکی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک کرایەوە
پێشانگایەكی تایبەت لە هەولێر كرایەوە
“بەرهەمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەتایی لە پاكەت و قوتوو دەنرێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پێشانگایەكی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتوونان و پلاستیکی و پیشەسازییکشتوکاڵ و خۆراک کرایەوە، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێریش دەڵێت، بەرهەمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەتایی لە پاكەت و قوتوو دەنرێت و ئەم پێشانگایە دەرفەتێكی باشە بۆ پێشكەوتن لەم بوارە.
352 كۆمپانیای بیانی و ناوخۆیی لە پێشانگایەكی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتوونان و پلاستیکی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک لە هەولێر بەشدارن، كە ئەمڕۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەستیپێكرد و تا 27ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
كۆمپانیاكانی دەرەوە لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، هیندستان، چین و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە هاتوون و نوێترین كارەكانی بەپاكەتكردن و لەقووتونانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان نمایش كردووە، چاویشیان لەوەیە لەگەڵ جوتیار و كارگەكانی كوردستان رێكبكەون و پرۆسەكە لە كوردستان بەرەوپێشەوە ببەن.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر هێمن سەیدموراد لە بارەی پێشانگاكە بە 964ی وت، پێشانگاكە زۆر گرنگە و دەرفەتێكی باشە بۆ جوتیاران و خاوەنكار و كارگەكانی كوردستان، سوود لەو كۆمپانیایتنە وەربگرن، چونكە راستییەكەی بەرهەمی كوردستان بە شێوەیەكی سەرەتایی لە پاكەت و قوتوو دەنرێت.
وتیشی، لە كوردستان هەنگوین، پەتاتە، هەنار، مریشك و هێلكە و چەند بەرهەمێكی دیكە زیاد لە پێویستی ناوخۆیی بەرهەم دێت و رەوانەی دەرەوە دەكرێت، بەڵام بەشێكیان بە شێوەیەكی باش پاكەت ناكرێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پێشبكەوین، دەبێت لەو بوارەدا كاری تازە بكەین و بەرهەمەكان بە كوالێتییەكی باشتر بەپاكەت بكەین و لەقووتویان بكەین.
هێمن سەیدموراد باسی ئەوەشی كرد، برەودان بەو كارە، جگە لە بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆمان بە شێوەیەكی باشتر، هەلی كاری زۆر زیاتریش بۆ بازاڕی كوردستان دەڕەخسێنێت و بە سەدان كەسی دیكە كاریان دەستدەكەوێت لە كارگە و لە كێڵگەكان.
ئەمە هەشتەم پێشانگای ئەم بوارەیە لە هەولێر دەكرێتەوە و ساڵانی رابردووش ئەنجامدراوە، بەڵام ئەمساڵ فراوانترە و كۆمپانیای زیاتر بەشدارن.