"بێ مەبەست کراوە"
یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی داوای لێبوردن دەکات لەسەر ڤیدیۆیەکی منداڵێک
964+
وریا فەتاح
یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بە نووسراوێک کە ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەیی لە کوردستان کردووە، داوای لێبوردن دەکات لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی منداڵێک کە بە هەڵە و “بەبێ مەبەست” بڵاوکراوەتەوە و هەستی بەشێک لە مامۆستایانی بریندار کردووە.
لە نووسراوەکەدا، کە واژۆی “رەئوف سەعدوڵڵا موحیەدین، سەرپەرشتیاری دڵنیایی جۆری بنەڕەتی لە کەرکوک”ـی لەسەرە، هاتووە: “داوای لێبوردن دەکەین لە سەرجەم مامۆستایان و بەتایبەت مامۆستایانی پسپۆری کۆمەڵایەتی کە منداڵێکمان بەهەڵە، بەبێ مەبەست و لەسەر بنەمای منداڵێتی خۆی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەتەوە و هەستی بەڕێزتانی بریندارکردووە.”
ئاماژە بەوەشدراوە کە منداڵەکە زۆر پەشیمانە و داوای لێبوردنی کردووە و “هیچ مامۆستایەک، نە بەڕێوەبەرەکەی و نە سەرپەرشتیارێک هیچ سکاڵایەکیان نییە و نیمانە”.
یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی دووپاتی کردووەتەوە کە بە “لێبوردانە و مرۆڤانە” هەڵسوکەوتیان لەگەڵ منداڵەکە کردووە و رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەیان لەبەرچاو گرتووە، کە پێش هەموو شتێک پەروەردەکردنە و پاشان فێرکردن.
لەکۆتایی نووسراوەکەدا داوا لە دایک و باوکان کراوە کە “رێگە نەدەن منداڵەکانیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن و بێگەردی سروشتی منداڵیان بکەوێتە مەترسى”