کۆبونەوەی ئەندامانی رێکخراوی ملەکەوە - وێنە: لە هەژماری رێکخراوەکە وەرگیراوە
بەهۆی ئاگرەکەی پێنجوێن گیانیان لەدەستدا
ملەکەوە دەیەوێ دوو خۆبەخشەکەی بەشەهید هەژمار بکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراوی ملەکەوە، کە چاوی لە پاراستنی ژینگە و سروشتی پێنجوێنە، دوای گیان لەدەستدانی دوو لە خۆبەخشەکانی دەڵێ، کار بۆ ئەوە دەکەن هەردووکیان بە شەهید هەژمار بکرێن و لە پێنجوێن شوێن بکرێتە بەناویانەوە.
بەئامادەیی سەرۆکی رێکخراو ،جێگر و دەستەی دامەزرێنەران و بەشی زۆری ئەندامانی رێکخراوی ملەکەوە کۆبوونەوەیەک رێکخراوە.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی بۆ 964 نێردراوە، لە کۆبوونەوەک سێ خاڵ بڕیاری لەسەر دراوە، کە بەرچاوترینیان یادکردنی ئەوە دوو خۆبەخشەیان بووە کە بەهۆی ئاگرەکەی 25.8.2025 گیانیان لەدەستدا و لەو روانگەشەوە هەوڵدەدەن کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتەوە بەشەهید لەقەڵەم بدرێن.
رۆژی 28.8.2025 لە گوندی هەڵاڵاوە و دەوروبەری ئاگرێک هەڵگیرسا و دوای نزیکەی پێنج رۆژ کاری پیاوانی ئاگرکوژێنەوە و تیمە خۆبەخشەکان، دواجار ئاگرەکەی سنووری پێنجوێن کۆنتڕۆڵ کرا کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 900 دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان سووتا.
جگە لەوەش دوو ژینگەپارێزی خۆبەخش برینداربوون کە ئەندامی رێکخراوی ملەکەوە بوون، دوای زیاتر لە 20 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە یەکێکیان لە نەخۆشخانەی سووتای فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستدا، کە ناوی ئالان یوسف بوو، وە تەمەن 25 ساڵ.
هەروەک، دوای ئەو برینداری دووەمیان بەناوی بێستوون عەبدوڵا و دوای 50 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی بەرزی رێژەی سووتان گیانی لەدەستدا، ئەوکات بەختیار عەلی سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ی وت، 15 ساڵە ئاگر دەکوژێنێتەوە، ئاگری وا بەهێز و مەترسیداری نەبینیوە، کە بەهۆیەوە جگە لە زامی هاوکارەکانی، پوش و پاوان و دارستان ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و خشۆکەکان سووتاون.
دەقی راگەیەندراوەکە؛
کۆبونەوەی ئەندامانی ڕێکخراوی ملەکەوە.
بەئامادەبوونی سەرۆک ڕێکخراو ،جێگر، دەستەی دامەزرێنەران و بەشی زۆری ئەندامانی ڕێکخراوی ملەکەوە
گفتوگۆ کرا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە.
یەکەم :هەوڵدانی جدی بۆ شەهیدانی ژینگە (کاکە ئالان و کاکە بێستون) کە تێیدا گیانیان فیدا کرد لەپێناو ژینگە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی سنوری پێنجوێن، پێویستە ئەو جوامێرانە لەبیرنەکرێن بەردەوام لەهزرو بیرمان بمێننەوە لەو ڕوانگەشەوە هەوڵدەدەین کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتەوە بەشەهید لەقەڵەم بدرێن،وە هەوڵدان بۆ بەناوکردنی شوێنێک لەپێنجوێن یان کارێکی شایستە لەدەروازەی پێنجوێن وە ڕێکخستنی چلەی ماتەمینی شایستە لەپاش وەرگرتنی مۆڵەت لەبەڕێزانی هەردوو بنەماڵە.
دووەم: هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر کەیسە ژینگەییەکان بەتایبەت کە تا ئێستا لایەنە پەیوەندی دارەکان نەیانتوانیوە تاوانباری ڕاستەقینەی ئەم کەیسەی کۆتایی
بدۆزنەوە.
سێیەم : گفتوگۆکردن لەسەر ئەوکارانەی ڕێکخراو کەکردومانە، دیاری کردنی کەمو کوڕیەکان و چۆنیەتی باشتر کردنی کارەکان لەداهاتودا،وە پلان دانان ئەوەی چی بکرێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی ژینگە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک و نەوەی داهاتوو.
وەلێرەوە ڕای دەگەیەنن ژینگەدۆستان و هاوڵاتیانی خۆشەویست ئێمە وەک ڕێکخراوێکی خۆبەخش و قازانج نەویست ڕابردوومان ڕەنگە شایەتی ئەوە بدات ئەوەی لەتوانامان بێت کردومانە و دەیکەین، بەڵام پێویستە هەموان دەستباری ئەم ئەرکەبن و هەرکەس لای خۆیەوە خزمەتی ژینگەبکات و پاریزگاری لێ بکات، چونکە ژینگە بەتەنها ئێمە یان چەند ڕێکخراوێکی ژینگەیی ناپارێزرێت پێویستەبە هەموان ئەو ئەرکە لەئەستۆبگرین.
#ڕێکخراوی_ملەکەوە_بۆپاراستنی_ژینگە