لە شەقامێکی دوکان
تاقانەی چوار خوشک ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لە قەزای دوكان و بە دیاریكراوی لە بەردەم نەخۆشخانەی دوكان، رووداوێكی هاتوچۆ لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل روویداوە و تیایدا هاوڵاتییەک کە تاقانەی چوار خوشکە، گیانی لەدەستدا.
عادل ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی دوكان بە 964ـی وت، رووداوەكە کەمێک لەمەوبەر و لە نزیك نەخۆشخانەی دوكان روویداوە، سێ ئۆتۆمبێل بەیەكیانداكێشاوە و لە ئەنجامدا پیادەڕەوێكی سەر شەقامەكە گیانی لەدەستداوە”.
“سەرەتا ئۆپڵێك كە شۆفێرەكەی ژن بووە، لەدەستی وەریگرتووە و خۆی كێشاوە بە دوو ئۆتۆمبێل لەجۆرەكانی كیا و هۆندا، دواتریش خۆی پێ كۆنتڕۆڵ نەكراوە و ئەو هاوڵاتییەشی شێلاوە كە بەسەر شەقامەكەدا رۆیشتووە”، عادل ساڵح وای وت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، ناوی (س، ش) و تەمەنی 29 ساڵە، تاقانەی چوار خوشكە و باوكیشی تاقانەی ئەنفالە.
عادل ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، شۆفێری ئۆپڵەكە مۆڵەتی شۆفێری هەبووە، بەپێ مادەی یاسایی ژمارە 24ـی هاتوچۆ لە بنكەی پۆلیسی دوكان دەستگیر كراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆكراوەتەوە و رەوانەی دادگا دەكرێت، تەرمی ئەو هاوڵاتییەش رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە و دواتر رادەستی كەسوكارەكەی دەكرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری