"رۆژانە دەستمان لەسەر دڵمانە"

شەقامە تاقانەکەی قەڵادزێ بێ بەرزەپردە و مەترسی دروستکردووە

964+

باخان تۆفیق

چەند گەڕەکێکی قەڵادزێ کە کەوتونەتە سەر شەقامی 60 مەتری شارەکە، داواکارن بەرزە پردی پەڕینەوەیان بۆ بکرێت و وەک خۆیان دەڵێن،”مەترسی لەسەر ژیانی خۆمان و منداڵەکانمان دروست بووە”.

ئەم شەقامە، نوێترین شەقامی شارەکەیە و بە شەقامە تاقانەکە ناسراوە، تا ئێستاش هیچ بەرزە پردێک بۆ پەڕینەوە تیایدا دروست نەکراوە و ئەوەش گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە بەتایبەت دانیشتوانی گەڕەکی هەوارە بەرزە.

حسێن ئەحمەد دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت،”دڵخۆشین بە تەواوبوونی شەقامەکە بەڵام رۆژانە دەستمان لەسەر دڵمانە، خوا نەکردا منداڵێکمان یان خۆمان ئۆتۆمبیلێک نەمان شێلێت، بۆیە داواکارین بە زوترین کات بەرزە پردی پەڕینەوەمان بۆ دروست بکەن”.

سەبارەت بە هۆکاری دروستنەکردنی بەرزە پردی پەرینەوە لەسەر ئەم شەقامە سەرەکییە، بەختیار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بە 964ـی وت،” لەسەر داوای هاوڵاتیان و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی راپەرین دەرخستەی بۆ کراوە و ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردن و پێداچوونەوەی کۆتایداین، بەڵام پارەی تەواومان لەبەر دەست نییە، بۆیە دڵنیا نین کەی دەستپێدەکەین و کەی کۆتایی دێت”.

لەبارەی گرنگی هەبوونی بەرزە پردی پەڕینەوە لەسەر شەقامە سەرەکییەکان، عەلی عەبدوڵا وتەبیژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت،”هەبوونی بەرزە برد ئەم گرنگیانەی هەیە، سەلامەتی پیادە، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی پیادە، باشترکردنی لێشاوی هاتوچۆ، دروستکردنی پەیوەندی بە دوو زۆن و ناوچە، ئاسانکاری بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، پاراستنی ژینگە، بەرزکردنەوەی بەهای جوانی و شارستانی بۆیە بە پێویستی دەبینین لە هەموو شەقامە سەرەکیەکان بەرزە پرد دروست بکرێت”.

شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ مەوداکەی 10 کیلۆمەترە و لەدەروازەی شارەکەوە دەستپێدەکات تاوەکو گوندی هەنارە لەسەر رێگای مەرزی کێلێ، ئەمەش کارئاسانی زیاتر دەکات بۆ بارهەڵگرانی مەرزەکە و قەرەباڵغی لەسەر شەقامەکانی ناو شاریش کەم دەکاتەوە.

لە هەفتەی داهاتووەوە قەڵادزێ لە رووی رێگاوبانەوە دەبو...

لە هەفتەی داهاتووەوە قەڵادزێ لە رووی رێگاوبانەوە دەبووژێتەوە

زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ تەرخ...

زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ تەرخان کرا