گەنجانی ئیدارەی راپەرین مەترسیدارترین رێگاکان تاقیدەکەنەوە
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 1500 کەس کۆچیکردووە
964+
باخان تۆفیق
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سنوری ئیدارەی راپەڕین 1500 کەس بە مەبەستی گەشتن بە وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە و سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەەکانیش دەڵێت،”رۆژ بە رۆژ کۆچ زیاتر دەبێت و داواکارم چیتر ئەم رێگا مەترسیدارانە تاقینەکەنەوە”.
بەپێی دواین ئامارەکانی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا پشکی شێر لە کۆچکردن لەناو هەرێمی کوردستان بەر گەنجانی دەڤەری راپەڕین کەوتووە و بەشێوەیەک کە زۆرترین رێژەی کۆچ و قوربانی لەم دەڤەرەیە.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا بە 964ی وت،”لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 6500 کەس کۆچیان کردووە لەم ژمارەیەش 1500 کەسیان دانیشتوی سنوری ئیدارەی راپەڕینن و حەوت کەسیش گیانی لەدەستداوە و لەم ژمارەیەش چوار کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن”.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە زیندانی بەشێک لە وڵاتانن بەکر عەلی بە 964 راگەیاند،”زیاتر لە 80 گەنج لە زیندانەکانی وڵاتی لیبیا و تونسن، نۆ کۆچبەریش ماوەی شەش مانگە لە بولگاریا دەستگیرکراون، دوو هاوسەری قەزای رانیەش زیاتر لە ساڵێکە لە ئەرمینیا راگیراون کە مەبەستیا بووە لەم وڵاتانەوە بڕۆن بۆ ئەڵمانیا و جگە لە هەموو ئەمانەش حەوت کەسی تر بێ سەروشوێنن”.
“داواکارم چیتر ئەم رێگا مەترسیدارانە تاقینەکەنەوە و کەسوکاری گەنجەکانیش رێگەنەدەن جگەرگۆشەکانیان ئەم مەترسیە بۆ ژیانیان دروست بکەن” بەکر عەلی وای وت.
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان رێگای زۆر مەترسیدار بۆ گەشتن بە وڵاتانی ئەوروپا تاقیدەکەنەوە و لەم ریگایەدا دەبن بە قوربانی یاخود بێ سەروشوێن دەبن.
زانکۆى راپەڕین لە دیاردەى کۆچکردنى هاوڵاتیانى سنورەکەى دەکۆڵێتەوە