بۆ توێکارى زیاتر

تەرمى گەنجەکەى کەلار رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کرا

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

لە پزیشکى دادى کەلار، توێکارى بۆ تەرمى ئەو گەنجە کراوە کە ئەمڕۆ بە مردوویى دۆزرایەوە، هەرچەندە لەوێ هیچ شوێنەوارێکى لێدان و زەبر دەرنەکەوت، بەڵام بۆ توێکارى زیاتر رەوانەى سلێمانى کرا.

سەرچاوەیەک لە پزیشکى دادى کەلار بە 964ـى وت،”هەموو ئەو پشکنینانەى لاى خۆمان هەن بۆ تەرمى ئەو گەنجەمان کردووە، هیچ ئاسەوارێکى لێدان و چەقۆ و گولـلە و شکاویی و برینێکمان بەدى نەکرد، تەنانەت بۆ دڵنیایى زیاتر سیتى سکانیشمان بۆ کرد، بەڵام هیچ بەدى نەکرا”.

وتیشى،” لەسەر داواى باوکى گەنجەکە، تەرمەکە رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کرا بۆ ئەوەى لەوێش توێکارى زیاترى بۆ بکرێت”.

هەر ئەمڕۆ، ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار بە 964ـى وت،”ھیچ ئاسەوارێکی فیشەک و چەقۆ و برینداری بەسەر جەستەیەوە تەرمى گەنجەکەوە نییە”.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممەى رابردوو، گەنجێک بەناوی مەھدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی فیزیا لە زانکۆی گەرمیان، لە ماڵ چووەدەر، دوو رۆژ دوای ونبوونی مەهدی، ماتۆڕەکەی لە نزیک کەلار دۆزرابووەوە، ئەمڕۆش دواى حەوت رۆژ لە دیارنەمانى، تەرمەکەى لە رووبارى سیروان دۆزرایەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

تەرمی گەنجە ونبووەکەی کەلار دۆزرایەوە

تەرمی گەنجە ونبووەکەی کەلار دۆزرایەوە