جێگرەكەی كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات
سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق لابرا و كەوتە بەر سزای ئەمریكا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق پشتڕاستی کردەوە، عەبدولسەلام خەڵەف دەسەڵاتی پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئۆڵمپی بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنی سەرۆكی لیژنەكە عەقل مەفتن، كە ئەمەی دوایی بە تۆمەتی كاری بازرگانیكردن لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران رووبەڕووی سزاكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا بووەتەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی لیژنەکە لە راگەیاندراوێكدا دوێنی هەینی دەڵێت، “لەبەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە پاراستنی وەرزشی عێراق لە هەر پرسێکی یاسایی یان ئاستەنگێک کە رەنگە ببێتە رێگر لەبەردەم پێشکەوتنی لە گۆڕەپانەکانی نێودەوڵەتی و کیشوەریدا، سەرۆكی لیژنەكە بە شێوەیەكی كاتی بەڕێوەبردنی كارەكانی بە جێگرەكەی دەسپێرێت”.
ئەوەش روونکراتەوە، بەپێی میساقی ئۆڵمپی، لەسەر دەستپێشخەری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی، دکتۆر عەقیل موفتن و بەپێی رێکارە یاساییە کارپێکراوەکان، جێگری یەکەمی سەرۆک عەبدولسەلام خەلەف دەسەڵاتی پێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کاروباری ئۆڵمپی تا ئەو کاتەی بابەتەکە یەکلایی دەبێتەوە”.
ئۆڵمپیی عێراق دەڵێت، “زیاتر لە دوو هەفتە لەمەوبەر بە نامەیەکی فەرمی لیژنەی ئۆڵمپیی نێودەوڵەتی لەو رێوشوێنە ئاگادارکراوەتەوە”.
“سەرۆکی لیژنەی ئۆڵمپیی عێراق تیمێکی تایبەتی پارێزەرانی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکەی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا راسپاردووە، ئەوەی سەبارەت بەم بابەتە بڵاوبووەتەوە بە تەواوی دوورە لە راستییەوە و لە هەڵبەستراو زیاتر نییە، کە مەبەست لێی شێواندنی راستییەکان و دروستکردنی كێشە و گرفتە”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.
لە 9.10.2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پاکێجێکی سزاکانی راگەیاند و چەند كۆمپانیا و چەند كەسایەتییەكی عێراقی سزادا، یەكێك لەوان عەقیل مەفتنی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵمپییە، کە بە قسەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، مەفتن پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێران و كەتائیبی حزبوڵڵای عێراقییەوە هەیە و لەگەڵ براكەی بە ناوی عەلی موفتن ئەلبەیدانی، كاری بە قاچاخبردنی نەوت و دۆلار و چەكیان لەگەڵ ئێرانییەكان هەیە و هەروەها تێوەگلاون لە كوشتنی دوو ئەمریكی لە عێراق و چەند تۆمەتێكی دیكەش.