شڤار باسی دەکات
کۆمەڵێک چەکدار لە ویلایەتی کێبی نایجیریا 25 کچە قوتابییان رفاند
964+
ژێوار خدر
بۆ جاریێکی دیکە، چەکدارانی سەر بە گرووپە چەتەکان هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەکی کچان لە ویلایەتی کێبی لە باکووری رۆژئاوای نایجیریا، 25 کچە قوتابییان رفاند و کارمەندێکیشیان کوشت، ئەم رووداوە، کە بەگوێرەی پۆلیسی نایجیریا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە روویداوە، نوێترین زنجیرەی رفاندنی بەکۆمەڵە کە بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لە باکووری نایجیریای روودەدەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس رایگەیاند، چەکدارەکان بە چەکی پێشکەوتوو هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی ناوەندی کچان (Government Girls Comprehensive Secondary School) لە ویلایەتی کێبی، پۆلیسی ئەو وڵاتەش دەڵێت، چەکدارەکان بەسەر دیوارەکانی قوتابخانەکەدا بازیان داوە و 25 قوتابیان لە بەشەناوخۆیی قوتابخانەکەدا رفاندووە و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستویاننەتەوە، لە هێرشەکەشدا جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گوللـە کوژراوە و پاسەوانێکیش بریندار بووە.
لە ساڵی 2014شدا لە قوتابخانەیەکدا لە شیبۆک بەهەمان شێوە 276 کچە قوتابیی رفێندران و ئەو کاتەش کاردانەوەی بەربڵاوی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و کەمپەینی جیهانی “#کچەکانمان_بگەڕێننەوە”ی بەدوای خۆیدا هێنا, هەرچەندە زیاتر لە دەیەیەک بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام زنجیرەی رفاندنی قوتابیان لە ناوچەکانی باکووری نایجیریا بەردەوامە. بۆ نموونە، لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 130 منداڵی قوتابی لە شاری کوریگا لە ویلایەتی کادونا رفێندران، هەرچەندە دواتر بێ زیان ئازاد کران، لە ساڵی 2021 ویلایەتی کێبی خۆی رووبەڕووی رفاندنی زیاتر لە 100 قوتابی و کارمەند بووەوە، کە بەشێکیان دوای دانوستان و پێدانی پارەی فیدیە ئازاد کران، بەڵام هەندێکیان بە زۆرەملی بە شوودران و بە منداڵێکەوە گەڕانەوە.
لەدوای ئەم رووداوە سوپا و یەکە تایبەتەکانی پۆلیس و هێزە خۆجێیەکان لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لە گەڕاندان بەدوای چەتەکان و قوتابیە رفێندراوەکاندا، رفاندن لە نایجیریادا، بەتایبەتی لە باکووری رۆژئاوا لەلایەن گرووپە چەتە چەکدارەکانەوە و لە باکووری رۆژهەڵات لەلایەن گرووپە جیهادییەکانەوە، بووەتە یەکێک لە گەورەترین کێشە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. بەگوێرەی راپۆرتێک لە رێکخراوی خێرخوازی “سەیڤ ذە چڵدڕن” (Save the Children)، لە سەرەتای ساڵی 2014 تا کۆتایی ساڵی 2022، زیاتر لە 1,680 قوتابی لە قوتابخانەکانی نایجیریا رفێندراون. ئەم دۆخە پشێوییە بەردەوامە لە کاتێکدا دەسەڵاتداران هەوڵی جیاواز دەدەن بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتنی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە و رەخنەگران پێیان وایە قەیرانی رفاندن لە کۆنترۆڵ دەرچووە.