ئەحمەد کایا
یادى کۆچى دوایى
ئەحمەد کایا؛ دەنگى و سەداى هەڵوێستە سیاسییەکان
964+
وریا فەتاح
25 ساڵە کۆچیى دوایى کردووە، بەڵام تا ئەمڕۆش دەنگى ئەحمەد کایا لە هەرچوار پارچەکەى کوردستان و لە قاوەخانە و چایخانە و شوێنە گشتییەکان دەبیسترێت.
ئەحمەد کایا، لە 16ـی تشرینی دووەمی 2000، لە پاریس بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و ملیۆنان هەواداری لە دوای خۆی بەجێهێشت.
کایا بەهۆی گۆرانییەکانی و هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە، بوو بە سیمبوڵی خۆڕاگری بۆ گەلێک کە لە ژێر زوڵمدا دەژیا.
گۆرانییەکانی کایا دەنگدانەوەی ئازار و هیوا و خەونەکانی خەڵک بوون، رووحى بەرەنگارى و بوێرى و بەگژداچوونەوە، بەشێک بوون لەو ئاوازانەى لە قوڕگییەوە دەردەچوون و دەبوون بە گۆرانى.
دوورخستنەوەی لە وڵاتەکەی، قەدەغەکردنی گۆرانییەکانی و ئەو هەڵمەتە راگەیاندنەی دژی بەڕێوەچوو، نەیتوانی ورەی لاواز بکات، ئەو لە دەرەوەی وڵاتیش هەر بەردەوام بوو لە گەیاندنی پەیامەکانی و خەبات بۆ مافەکانی گەلەکەی هەربۆیەشە ئەحمەد کایا وەک میراتێک لە مێژووی هونەر و مۆسیقا کوردیدا ماوەتەوە و تا ئەمڕۆش گوێمان لێى دەبێت.