ئەو گەنجانەی لە خورماتوو لەسەر ئاڵای كوردستان ئازاردران رێزلێنانیان پێشكەش كرا. فۆتۆ: ئاسایشی سلێمانی
دەزگای ئاسایشی هەرێم:
ئەو گەنجانەی لە خورماتوو لەسەر ئاڵای كوردستان ئازاردران رێزلێنانیان پێشكەش كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی دەڵێت، ئەو گەنجانەی پارێزەری ئاڵای کوردستان، ئەوانەی لە رۆژی هەڵبژاردنی 11.11 لە قەزای خورماتوو، لەسەر هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، رووبەڕووی لێدان و تەشهیر بوونەوە، لە لایەن ئاسایشی هەرێم بانگهێشتی سلێمانی كران و رێزلێنانیان پێشكەش كرا، لە نەخۆشخانەش چارەسەری پێویستیان بۆ كرا.
دەزگاكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، لەسەر رووداوەكەی رۆژی هەڵبژاردن و ئازاردانی گەنجەكان، دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش – سلێمانی، دەستبەجێ بەدواداچوونیان ئەنجامدا و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کرد بۆ سزادانی لایەنی سەرپێچیکار.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، پشتیوانی بۆ گەنجەكان دووپاتكرایەوە و رێزلێنانیان بۆ كرا.
رۆژی 11.11.2025 كە رۆژی هەڵبژاردنی گشتی بوو لە عێراق، لە قەزای خورماتوو گەنجێك كە ئاڵای كوردستانی لە نزیك بنكەیەكی دەنگدان بەدەستەوە بوو، لە لایەن سوپای عێراقەوە ئەزیەت درا و ئەویش لەدەستیان رایكرد، دواتر فەرماندەی فیرقەی سەڵاحەدین چووە ماڵی گەنجەكە و داوای لێبوردنی لێكرد.
هەروەها دوو گەنجی دیكەش هەر لە خورماتوو، كە وێنەی ئاڵای كوردستانیان لەسەر چەند دیوارێك نەخشاندبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران، بەڵام دواتر ئازاد كران.