رەوانەی لێكۆڵینەوە كران
102 یاریزانی توركیا قوماریان بە ئەنجامی یارییەكان كردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاند، سزای کاتی بەسەر 102 یاریزانی یانەکانی ناوخۆدا سەپاندووە، دوای ئەوەی دەرکەوت کە دەستیان لە قومار و گرەوکردندا هەبووە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
سەرچاوەکانی ناو فیدراسیۆنەکە بە میدیاكانی توركیایان راگەیاندووە، یاریزانەکان رەوانەی لیژنەی رێككاریی وەرزشی کراون، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە و ئامانج لێی دڵنیابوونە لە پاكی و شەفافی پێشبڕکێیەكانی تۆپی پێیە لەو وڵاتەدا، دەستیشیان كردووە بە پێداچوونەوە بەو فایلانەی پەیوەستن بەو پێشێلکارییانەی، كە دەگوترێت ئەنجامدراون.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ژمارەیەک یاریزان بەشدارییان لە چالاکییەکانی گرەوکردن لە یارییەکانی خولی تورکیادا کردووە، ئەمەش پێشێلکردنی روون و ئاشکرای رێساکانی فیدراسیۆنەكەیە، کە یاریزانان لە هەر چالاکییەکدا قەدەغە دەکەن کە پەیوەندی بە گرەوکردنی وەرزشییەوە هەبێت.
لیژنەی رێككاری سزای سرکردنی بۆ چەند یاریزانێکی باڵا دەرکردووە، ماوەی سزاکانیش لە 45 رۆژەوە تا ساڵێکی تەواو دەبێت، بەپێی رادەی تێوەگلان و سروشتی سەرپێچی هەر یاریزانێک.
ئەم رێوشوێنانە لە قۆناغێکی هەستیاردا دێت لە وەرزی ئەمساڵی تۆپی پێی توركیادا، بەو پێیەی لێکۆڵینەوەکان پێشتر ناوبژیوانان و بەرپرسانی وەرزشی لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن فیدراسیۆنی تورکیا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە هەزار یاریزان لەخۆ بگرێت، ئەمەش پرسیاری لەسەر یەکپارچەیی بەشێک لە خولەکانی تۆپی پێی تورکیا دروستکردووە.
لە ماوەی رابردووش 149 ناوبژیوانیش هەر بە تۆمەتی قومار و گرەوكردن لەسەر ئەنجامی یارییەكان لە ركابەرییەكان دوورخرانەوە و رەوانەی لێكۆڵینەوە كران، كە ناوبژیوانێكی تێدا بوو 10 هەزار جار گرەوی لەسەر ئەنجامی یارییەكان كردووە.