هەڵمەتەكە لە هەولێر دەستیپێكردووە
“هەندێک پۆستەر و فلێكس دەبێت بە كۆسەرە لێبكرێنەوە”
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی، كە دوێنێ ئێوارە كۆتایی هات، هەڵمەتی پاككردنەوەی شەقامەکان و ستوونەکانی کارەبا و رێگەوبان و باڵەخانەكانی هەولێر دەستی پێكردووە، وێنە و پۆستەری کاندیدەکان لێدەکرێنەوە، هەندێکیشیان پێویستە بە کۆسەرە لێبکرێنەوە و چونکە بە پەرچ لێدراون.
ژیار جەلال، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژینگەپارێزی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 12.10.2025 بە 964ی وت، هەر لە درەنگانی شەوی رابردووەوە دەستکراوە بە پاکكردنەوەی شەقامەکان، ئەو شوێنانەی کە پۆستەر و فلێکسی کاندید و لایەنە سیاسیەکانی لێیە پاكدەكرێنەوە.
وتیشی، ئەوەی كێشەیە بەشێک لە لایەن و کاندیدەكان بە پەرچ ئاڵا و پۆستەریان لێداوە، ئەوە هەندێک کێشەی بۆ دروستکردوون و دەبێت بە کۆسەرە لێی بکەنەوە و بە دەست لێنابێتەوە.
پێش دەستپێكردنی هەڵمەتەكە و لە راگەیاندنی وەستانی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەشێك لەو پۆستە و فلێكسانەی كاندید و لیستەكان هەر زوو لە لایەن هاوڵاتییانەوە لێكرانەوە، بۆ ئەوەی سوود لە ئاسن و دار و كەلوپەلەكانی وەربگرن و بیفرۆشنەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا