کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنی بەڕێوەچوو. فۆتۆ: ئەرشیف
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان
“تەقەكردن و سەرکێشی هاتوچۆ قەدەغەیە”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی كوردستان دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا سوپاسی هەموو لایەك دەكەن، داواش دەكەن كەس بەهۆی ئەنجامەكان تەقە نەكات یان بە ترومبێل بە ناو شاردا نەسوڕێنەوە و سەركێشی بكەن، ئەگەرنا رووبەڕووی یاسایان دەكەنەوە.
دەقی راگەیاندراوەكە بەم جۆرەیە:
بە بۆنەی تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، کە توانیان ئازادانە مومارەسەی مافی سیاسی خۆیان لە دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بکەن و ئەزموونێکی دیکەی هەڵبژاردن، وەکو یەکێک لە پایەکانی دیموکراسی، سەربخەن
دەستخۆشی لە هێزەکانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی بەرگری شارستانی، پێشمەرگە و ئاسایش دەکەین کە ماندوونەناسانە پارێزگاریان لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردن و بنکەکانی دەنگدان، پرۆسەی هەڵبژاردن بە دەنگدەر و کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرەکان کرد و لە سایەی شەونخونی ئەوان و بەهێزی ئیرادەی خەڵک، توانرا ئەو ئەزموونەش بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت.
سوپاس بۆ کارمەندانی کۆمیسیۆن و چاودێرانی ناوخۆیی و دەرەکی و نوێنەرانی کیانە سیاسییەکان کە پێکەوە زەمینەی بە ئازادی بەڕێوەچوونی ئەو خولەی هەڵبژاردنیان ئامادەکرد و بەڕێوە برد.
داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵاوە، ڕێگای مەدەنی بۆ دەربڕینی دڵخۆشیان بە سەرکەوتنی حزب و کاندیدەکانیان بگرنە بەر و دوور بکەونەوە لە هەر ڕێگایەکی مەترسیدار و ناشارستانی وەکو تەقەکردن و سەرکێشی هاتوچۆ کە زەمینەی زیانی گیانی و ماددی لێ دەکەوێتەوە و ئەنجامدەرانی رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.
لێژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان
بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥