بنکەیەکی دەنگدان
جێگری وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ 964:
“لەگەڵ كۆتاییهاتنی دەنگدان پرۆسەی ژماردن و فەرزی دەنگەكان دەستپێدەكات”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پرۆسەی ژماردنەوە و فەرزی دەنگەكان دەستبەجێ دوای کۆتایی هاتنی دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەستپێدەکات.
نیبراس ئەبو سۆدە بۆ 964 قسەی كرد و وتی، سەرەتا ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان دەکوژێنرێنەوە، ئەنجامەکانیش لە رێگەی ئامێرە مۆبایلەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ سێرڤەرەکانی کۆمسیۆن، پاشان ستافی بنکەکانی دەنگدان لە یەک کاتدا دەست بە پرۆسەی ژماردن و فەرزكردنی دەستی و ئەلیکترۆنی دەکەن.
ئەبو سودە هەروەها وتی، لە هەر ئامێرێک شریتێکی ئەنجامەکان دەردەچێت، کە بەراورد دەکرێت بە داتاکانی ئامێرەکە، ئەو وێستگانەشی لە ماوەی شەش کاتژمێردا داتاکانیان ناگوازنەوە، رەوانەی ناوەندە تایبەتەکانی وردبینی دەکرێن بۆ تەواوکردنی گواستنەوە و ژماردنەوەی دووبارە.
“ئەو سندوقانەی کە ئەنجامەکانیان بە ئاسانی و بەبێ بەربەست دەگوازرێنەوە، بە چاودێری لیژنەی باڵای ئاسایش، دەگوازرێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵی کۆمسیۆندایە”، ئەمەش قسەی جێگری وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنە.
باسی ئەوەشی كرد، ئەو سندوقانەی کە ناتەبا یان دواکەوتنی گواستنەوەیان هەیە، رەوانەی ناوەندەکانی وردبینی دەکرێن بۆ پێداچوونەوە لە ژێر چاودێری راستەوخۆدا.
ئەمڕۆ 11.11.2025 دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تا شەشی ئێوارە بڕیارە بەردەوام بێت.