"ویستیان لێم بدەن، رامکرد لە دەستیان"
لەسەر ئەوەى ئاڵاى کوردستانى بەرزکردبووەوە کەوتنە گیانى
964+
سیروان خورشید- خورماتوو
لە قەزاى خورماتوو، هێزەکانى سوپاى عێراق پەلامارى ژمارەیەک گەنجى کورد دەدەن و بە قۆنداغە تفەنگ ئازارى دەدەن، وەزارەتى پێشمەرگەش لەسەر ئەو حاڵەتە دێتە قسە.
دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 11.11.2025، لە نزیک بنکەیەکى دەنگدان لە قەزاى دوزخورماتوو، ژمارەیەک لە کارمەندانى سوپاى عێراق، هێرش دەکەنە ژمارەیەک گەنجى کورد بە قۆناغە تفەنگ لە گەنجێک دەدەن.
ئەیوب ئیحسان ئەو گەنجەى قەزاى خورماتووە کە ئەمڕۆ هێرشکرایە سەرى، بەم شێوەیە چیرۆکەکەى بۆ 964 گێرایەوە،” لەگەڵ هاوڕێکم لە دەنگدان دەگەڕاینەوە، بینیمان هێزەکانى سوپاى عێراق هەڵیانکوتایە سەر کەسێک کە ئاڵاى کوردستانى بەرز کردبووەوە، بەڵام لە ناکاو یەکێکیان بە قۆناغە تفەنگ کەوتەسەرم و چى سوکایەتى بوو پێى کردم”.
وەک باسى دەکات، ئەگەر لەدەستیان راى نەکردایە، ئازارى زۆریان دەدا، بەڵام لە کاتى هێرشکردنەکە جوێنى زۆریان پێداوە و سوکایەتییان بە کورد کردووە.
لەسەر ئەو رووداوە، وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێم هاتە دەنگ و راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە،”بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح
تەواوى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگە:
بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو.
ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی روونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە. ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی.
داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکەین کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جدی بکەن لەسەر ئەم ڕووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە، کە خزمەت بە ئاشتی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات.![]()
لە دوزخورماتوو هێز لە شەقامەکان دەبینرێ و بازگە دانراوە