تۆڕەکەیان نوێ دەکرێتەوە

گەڕەکێکی کەلار نەجاتیان دەبێ لە خواردنەوەی ئاوی پیس

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی راپەڕین لە قەزای کەلار کۆن بووە، ماوەی دوو ساڵە دانیشتوانەکەی ئاوی خواردنەوەیان بە پیسی بۆ دەچێ، ئەمڕۆ بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوەکەیان بۆ دانرا.

وەک باسی دەکەن، چەندین جار سەردانی لایەنە خۆجێییەکانیان کردووە، تا ئامانجەکەیان بەدی هێنا.

بورھان عەبدولقادر، دانیشتوویەکی گەڕەکی راپەڕینە بە 964ى وت، دوو ساڵە ئاوەکەمان بەکەڵکی خواردنەوە ناەت، بۆرییەکانمان کۆنە و هی ساڵانی ھەشتاکانە، ئاوی خوارنەوەمان تێکەڵ بە ئاوەڕۆ بووە.

خەڵکی گەڕەکەکە توشی ھەموو جۆرە نەخۆشیەک بوبوون بەدەست ئەم ئاوە، دڵخۆشین ئیتر رزگارمان دەبێت لەو ئاوە پیسە و تۆڕی ئاوەکەمان نۆژەندەکرێتەوە، بورھان عەبدولقادر وای وت.

ئەوە لە کاتێدا، سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە 964ى وت، تۆڕی ئاوی ئەم گەڕەکە زۆر کۆن بووە، بەردەوام توشی شکان دەبوو، ساڵی پار دەرخستەمان بۆی ئەنجامدا لەسەر بودجەی پارێزگاکان رەزامەندی لەسەردرا و ئەمڕۆ بەردی بناغەکەیمان دانا.

چوار گەڕەکی کەلار بەوجۆرە تۆڕی ئاوەکەیان کۆنە، ئەو وتی، یەکێک لە گەڕەکەکان کاری تێدا دەکرێت و ئەمڕۆ بەردی بناغەی ئەم گەڕەکەمان داناوە، ھەوڵدەدەین دوو گەڕەکەکەی دیکەش چارەسەر بکەین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دەروازەی قەزای کەلار دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری

دەروازەی قەزای کەلار دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری