سێ دەیە پاڵهوانى ئاسمان بوو
كۆمپانیای فڕۆكەوانی Onur Airـى توركیا ئیفلاسی کرد
964+
فهرهاد حهسهن
دادگایهكى وڵاتى توركیا، بڕیاری ئیفلاسی فەرمی بۆ كۆمپانیای فڕۆكەوانی Onur Air دەركرد، كه یەكێكه لە دیارترین كۆمپانیا فڕۆكەوانییە تایبەتەكانی ئهو وڵاته و لەوهتهى ساڵی 1992 دامەزراوو.
كۆمپانیاكه، لە ساڵی 2020ـەوە رووبەڕوی قەیرانێكی سەخت بوەوە و دەستپێكردنی پەتای كۆرۆنا گەشتەكانی ئەو كۆمپانیایەی كەمكردەوە، پاشان لە ساڵی 2022ـدا پێدانی موچە و پاداشتی كۆتایی خزمەتی نزیكەی هەزار و 800 كارمەندی نەدا، كە لە 2024 دا ئاشكراكرا.
لە ساڵی 2022 شدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆكەوانی شارستانی (SHGM) مۆڵەتی كاركردنی لێسەندەوە، ئەوەش وایكرد كە كارەكانی بە تەواوی رابگیرێت.
دادگای بازرگانیی لە باكیركۆی، دەستى بە رێكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی یاسایی بۆ ئهم كۆمپانیایه كرد و دهشڵێت لە ساڵی 2022ـەوە لە كار وەستاوە.
میدیاكانی توركیا بڵاویكردووهتهوه، دادگاكه دەستەیەكی دیاریكردووه بۆ سەرپەرشتیكردنی سەرمایە ماوەكان و دانەوەی قەرزەكانی كۆمپانیاكە، لەگەڵ رێنمایی توند كە بریتیبوون لە، دەركردنی “بڕوانامەی ئیفلاس” بۆ هەموو ئەو موڵكانەی كە كۆمپانیاكە خاوەنیەتی، راپۆرتێكی ورد سەبارەت بە مامەڵەكانی بارمتە و مافە تایبەتەكان و پشكنینێكی ورد بۆ هەموو موڵكە گواستراوەكان لە ماوهى پێنج ساڵی رابردوودا.
Onur Air، یەكەم كۆمپانیای فڕۆكەوانی تایبەت بوو كە دوای ئازادكردنی كەرتی گواستنەوەی ئاسمانی ناوخۆیی توركیا لە ساڵی 2003، گەشتی ناوخۆیی دەستپێكرد، بەهۆی مۆدێلی گواستنەوەی هەرزان، كۆمەڵەیەكی 29 فڕۆكەیی پێكهێنا و زیاتر لە 90 ملیۆن سەرنشینی، لە رێگەی گەشتە ناوخۆییەكانەوە بۆ 14 شوێنی سەرەكی گواستەوە و گەشتى نێودەوڵەتییشی بۆ زیاتر لە 120 شوێن لە 25 وڵاتدا ههبوو.
رۆژنامەی ئیڤرێنسەلى توركى دهڵێت، ئیفلاسی ئۆنور ئایر كۆتاییهاتنی قۆناغێكی دیارە لە مێژووی فڕۆكەوانی شارستانی توركیادا، دوای سێ دەیە لە پێشەنگایەتی و فراوانبون.