"کابرا شێت بووە و پەلاماری بەرد دەدات"
لە بەردی شاخەکانی قەرەداغ پەیکەرێک بۆ قالە مەڕە دادەتاشێت
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
بەختیار هەڵەبجەیی ، هونەرمەند و پەیکەرتاش لە بەردی شاخەکانی قەرەداغ پەیکەرێک بۆ قالە مەڕە دادەتاشێت و دەڵێت، کەس لە هونەر ناپرسێت و ئێمە خۆمان شێت بووین و پەلاماری بەرد دەدەین.
12 ساڵە بەختیار هەڵەبجەیی سەرقاڵی دروستکردن و داتاشینی پەیکەرێکە بۆ هونەرمەندە شمشاڵژەنەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان قالە مەڕە، پەیامنێری 964 لە گەرمەی کارەکەی دەچێتە لای تا باسێکی پەیکەرەکەمان بۆ بکات و دەڵێت، لە بەردی سپی قەرەداغ لە قوڵایی 20 تا 50 مەترەوە دەرهێندراوە، لە 2013ەوە خەریکی داتاشینی ئەم پەیکەرەم، دواتر وەستام، ئێستاش رۆژانە بەپێی کات و مەجال کاری لەسەر دەکەم.
دەربارەی قالە مەڕەش دەڵێت، مۆسیقاکانی لە سروشتی خودایی دەچێت نەک مرۆڤ، پیاوێکی گەورەیە.
بەختیار هەڵەبجەیی لە بەشێکی زۆری شارەکانی هەرێم، پەیکەری هەیە و گلەییشی لە بەرپرسانی حکومی و دەوڵەمەندەکان هەیە، کە هیچ لە هونەر ناپرسن.
پێداچوونەوە؛ پەری ساڵح