پێشمەرگە لە رێکەوتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ بەشدارە

عێراق و ئەمەریکا قۆناغى نوێی هەماهەنگى سەربازیی نێوانیان دەستپێکرد

964+

فەرهاد حەسەن

له‌میانه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى گه‌ڕێكی دیكه‌ى دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق  بۆ ده‌ستپێكردنى قۆناغى نوێی هەماهەنگى سەربازیی نێوان هه‌ردوولا، هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان وه‌كو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كى له‌ناو رێكه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌یاندایه‌.

عێراق و ئەمەریکا لەسەر ئاستى باڵا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی و سەربازى نێوانیان و پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزە عێراقییەکان لە ناویاندا پێشمەرگە، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێت “پێشمه‌رگه‌ له‌ناو پلانه‌ ستراتیژییه‌كه‌یاندایه‌”.

لایخۆشییه‌وه‌، سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق ئه‌مڕۆ  هەینى لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ساڵی 2008 و بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئاسایشی نیشتمانی هەردوو وڵات، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و عێراق لە 6.11.2025 گفتوگۆى تەکنیکییان لە بەغداد ئەنجامدا، سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکانی هەردوو وڵات.

وتیشى “بەشداربووان پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بۆ  قۆناغێکی نوێی هاوکاری ئەمنی و سەربازى نێوان ئەمەریکا و عێراق دووپاتکردەوە تا عێراق بتوانێت ئاسایشی خۆی پتەوتر بکات”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوووه‌، بەرپرسە باڵاکانى هەردوولا لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ راوێژکارییەکانیان بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە درێژخایەنەکانیان لەبوارى ئەمنی و دژە تیرۆر، پشتیوانیکردن و بەرزکردنەوەی توانا و ئامادەیی هێزەکانی ئاسایشی فیدراڵی عێراق لەوانەش پێشمەرگە،  تێکشکاندنی تیرۆر و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

مانگى ئابى رابردوو یەکەم قۆناغى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە عێراق دەستیپێکرد و کاروانێکى سەربازى ئەمەریکا لە بنکەى عەین ئەسەد کشایەوە، ئەوەش دواى ئەوەى واشنتن بڕیاریدا پڕۆسەى کشانەوە لە عێراق خێرا بکات.

بەپێی پلانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، قۆناغى یەکەمى پڕۆسەى کشانەوە مانگێک پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە تشرینى یەکەمى 2025 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینى دەکرێت هێزێکى ئەمەریکى و هاوپەیمانان لە هەولێر تاوه‌كو کۆتایی 2026 بمێننەوە، بۆ بەردەوامى یارمەتیدانى پڕۆسە سەربازییەکان دژى داعش لە سوریا.

لەدواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە لە عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە بەسەرۆکایەتى ئەمەریکا، ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان گۆڕانکاریی زۆرى بەخۆوە بینیوە بەجۆرێک لەساڵى 2003 دا 130 هەزار سەربازى ئەمەریکا بۆ روخانى رژێمى سەدام رەوانەى عێراق کران، بەڵام ساڵى 2007 لەگەڵ زیادبوونى توندوتیژى مەزهەبی ژمارەکە بۆ 170 هەزار سەرباز بەرزکرایەوە.

لە ساڵى 2014 و لەگەڵ هێرشى داعش و دەستبەسەرداگرتنى ناوچەیەکى بەرفراوان لە سوریا و عێراق، لەسەر داواى فەرمى بەغدا، ئەمەریکا و هاوپەیمانان گەڕانەوە عێراق و واشنتۆن زیاتر لە پێنج هەزار سەربازى رەوانەى عێراق کرد بۆ یارمەتیدانى هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و تێکشکاندنى رێکخراوى داعش.

ساڵى 2020 ئەمەریکا ژمارەى هێزەکانى بۆ سێ هەزار سەرباز کەمکردەوە، دواى ئەوەى پەرلەمانى عێراق داواى لە حکومەتى عێراق کرد کاربکات بۆ کۆتایی هێنان بە بوونى هێزە بیانییەکان، ئەوەش دواى دوو رۆژ لە کوژرانى قاسم سلێمانى فەرماندەى فەیلەقى قودسى سوپاى پاسداران و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی، بەهۆى هێرشى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەى بەغداد.

هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی 10 وەرد...

هێزەکانی پێشمەرگە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی 10 وەردەگرن

"پێشمەرگە و عەسكەری فیرار پێكەوە لە درامای ژاڵە شاییان دەكرد"

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بڕۆن كارتی دەنگدان وەربگرن...

پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بڕۆن كارتی دەنگدان وەربگرنەوە