پرۆژەی رێست ئێریا
دەروازەی قەزای کەلار دەکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6.11.2025 لە بەرلوت دەروازەی قەزای کەلار، بەردی بناغەی پرۆژەی گەشتیاری رێست ئێریا دانرا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان دەڵێت،”یەکەمجارە پرۆژەیەکی لەوجۆرە لە سەر ئاستی کوردستان دروست دەکرێت”.
ھێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان بە 964ـی وت، بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاریمان دانا لە بەرلوت، ئێستاش پرۆژەیەکی دیکە کاری تێدا دەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا فاملی فەن دروست دەکرێت، بەرلوت دەبێتە ناوچەیەکی تەواو گەشتیاری.
“پرۆژەی رێست ئێریا، یەکەم پرۆژەیە لەوجۆرە لەئاستی کوردستان لە گەرمیان ئەنجامدەدرێت، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری جیاواز لەخۆدەگرێت بۆ گەشتیاران”،ھێرش فەیزوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆژەیەک لەسەر رووبەری سێ دۆنم ئەنجام دەدرێت و لەماوەی دوو ساڵ کارەکانی تەواو دەکرێت، دەروازەی قەزای کەلار دەکەینە گەشتیاری جگە لە پرۆژەی گەشتیاری ھیچ پرۆژەیەکی دیکە ئەنجام نادرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی