زیاتر لە 60 قوتابی کچ وازیان لە خوێندن هێنابوو
“کێشەی قوتابیانی چەمچەماڵ چارەسەر کرا”
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بەهۆی کێشەی دەوامی خوێندنگەیەکی ئامادەیی کچان، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، 63 خوێندکاری کچ وازیان لە خوێندن هێنابوو، بەڕێوەبەرەی پەروردەی سلێمانی دەڵێ، کێشەکەیان چارەسەر کراوە و دەتوانن دەوامی خۆیان بکەن.
63 خوێندکاری ئامادەیی تاڤگەی کچانی ئێواران لە بانگەوازێکدا ئاماژەیان بەوە کردبووە کە، بەهۆی ئەوەی رۆژانە دەوامی خوێندنگەکە لەکاتژمێر 4:00ـی ئێوارە دەستپێدەکات و کاتژمێر 8:00ـی شەو کۆتاییدێت، ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن، چونکە زۆربەیان ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە و ئەرک و بەرپرسیارێتی ماڵەوەیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی تەواوبونی دەوامی خوێندنگەکە لەشەودا، کەسوکاریان رێگەیان پێنادەن درێژە بەخوێندن بدەن.
ئەو خوێندکارانە باسیان لەوە کردبووە، بەهۆی ئەوەی بینای خوێندنگەکەیان تەنها یەک دەوامی تێدایە، دەتوانرێت لەبری کاتژمێر 4، رۆژانە لە کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆ دەوامیان دەستپێبکات، بۆ ئەوەی زوتر تەواوبن و بەپێی رێنماییەکانیش چارەسەری ئەو کێشەیە بەوشێوەیە رێگەپێدراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3.11.2025 نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت، “پێشتر دوو قوتابخانەی بنەڕەتی تێکەڵ کرابوون و قوتابیانی ئەو قوتابخانەی ئامادەییە نێردرابوون بۆ شوێنێ یەکێک لەو دوو قوتابخانە بنەڕەتییە، ئێستا ئەو دوو قوتابخانە بنەڕەتییە لەیەک جیاکراونەتەوە و قوتابخانە ئامادەییەکەش گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی و دەتوانن دەوامی خۆیان بکەن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری
