دواى 945 رۆژ
دواى ئاسایى بوونەوەى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى؛ خواست لەسەر گەشتى تورکیا زیادى کردووە
+964
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى نێوان سلێمانى و تورکیا، جموجۆڵى خستووەتە بازاڕى نوسینگە گەشتیارییەکان و خواست لەسەر گەشتى تورکیا زیادى کردووە.
دواى 945 رۆژ لە راگرتنى گەشتە ئاسمانییەکانى نێوان سلێمانى و وڵاتى تورکیا، درەنگانێکى ئەمشەو فڕۆکەیەک لە ئیستانبوڵەوە بەرەو سلێمانى دەفڕێت و لە بەرەبەیانى سبەینێ لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى دەنیشێتەوە.
سلیڤان رەفیق کە خاوەن نوسینگەیەکى گەشتیارییە، بە 964ـى وت،”بەهۆى راگرتنى گەشتەکان نوسینگە گەشتیارییەکان و هاوڵاتیانى سنوورى سلێمانیش تووشى گرفتى زۆر ببون”.
وەک باسى دەکات، دەستپێکردنەوەى گەشتەکان جموجۆڵى خستووەتە بازاڕ و بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى تکت، بەشێوەیەک بەهۆى خواست لەسەرى تکتی یەک سەرى نێوان سلێمانى و تورکیا لە رۆژانى 3 و 4ـى ئەم مانگە تا 365 دۆلار بەرز بووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح