تا 6.1.2026

تورکیا ماوەى راگرتنى گەشتەکانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکردەوە

964+

وریا فەتاح

جارێکى تر، تورکیا ماوەی راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا 6ـى کانونی دووەمی 2026 درێژکردەوە، بەمەش قەدەغەى گەشتەکان بۆ 46 مانگ درێژەى کێشا.

دانا محەمەد لە بەشى پەیوەندییە گشتییەکان و راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى رایگەیاند، لە ئاگاداری نامەیەکدا ده‌سه‌ڵاتی فڕۆکه‌وانی شارستانی تورکیا بڕیاری ماوەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسمانی ووڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تـا 6.1.2026، درێژکردۆتەوە.

دوو ساڵ و شەش مانگ و سێ رۆژە، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى لەلایەن دەسەڵاتى فڕۆکەوانى تورکیاوە، قەدەغەى گەشتى خستووەتە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى.

رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانیى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانیی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەکەی ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری دا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات، کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات.

سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرانەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەمموزى 2023 و  لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە.

جارى سێیەمیش، تا 7.12.2024، درێژکراوەتەوە.

جارى چوارەم لە 6.1.2025، تورکیا قەدەغەى گەشتەکانى تاکو شەش مانگى دیکە درێژکردەوە.

پێشتر لە 29.9.2017 و دواى ریفراندۆم، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر و سلێمانیدا داخست، دواتر لە تەممووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت، بەڵام گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە و 16 مانگ دواتر قەدەغەکە هەڵگیرا.

بەم شێوەیە لە 2017ـەوە تا ئێستا، جگە لە وەستانى گەشتەکان بەهۆى کۆرۆناوە، زیاتر لە 46 مانگ تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانیدا داخستووە.

پێشتر بەرپرسانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلیمانى لە میدیاکانیان راگەیاندبوو، بەهۆى وەستانى گەشتەکانى تورکیا 36%ـى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى کەمیکرد و رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانى هەبووە.

جارێکى دیکە تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانی دا ...

جارێکى دیکە تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانی دا دادەخات؟