كۆمسیۆن واده‌ڵێت؛
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دوای 24 كاتژمێر له داخستنی بنكەكانی دەنگدان راده‌گه‌یه‌ندرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكراى كرد، كە ئەنجامی هەڵبژاردنە بەراییەكان دوای 24 كاتژمێر له داخستنی بنكه‌كانى دەنگدان رادەگەیەنرێت و داببه‌شكردنى كارتى بایۆمه‌تریش تاوه‌كو رۆژى هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌بێت.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی راگەیاندن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سێ وەجبەی كارتی بایۆمەتری وەرگیراون، لەنێویاندا دوو وەجبەی سەرەكی بە كۆی گشتی 3.5 ملیۆن كارت، 2.3 ملیۆن لەو كارتانە دابەشكراون، بەمەش نزیكەی 1.2 ملیۆن كارت ماوە و تاوه‌كو رۆژى 11.11.2025 دابەشبكرێن، تیمەكانی ناو تۆماركردنیش بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی هاوڵاتیان بۆ پێشكەشكردنی كارتەكانیان تاوه‌كو كۆتا رۆژ لە دەنگدان.
وتیشی “ئەنجامی بەرایی هه‌ڵبژاردن دوای 24 كاتژمێر له داخستنی بنكه‌كانى دەنگدان راده‌گه‌یه‌یندرێت، واتە لە كاتژمێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی دواى هه‌ڵبژاردن”.
راگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌پێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023ـى هه‌موار كراوه.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دەزگاكانی هەڵبژاردن سێ راپۆرتی كاتی (بەیانیان، نیوەڕۆ و كۆتایی) بەرهەمدەهێنن و ئەنجامەكانیان بە رێككەوت پێشكەش بە نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا دەكرێن.
به‌قسه‌ى ئه‌م به‌رپرسه‌ى كۆمیسیۆن، ئەمساڵ كۆمسیۆنه‌كه‌یان بژاردەی نوێی خستووه‌تەڕوو كە چاودێران و نوێنەرانی قەوارە سیاسییەكان دەتوانن لەناو ناوەندەكانی دەنگدان دەستیان بە ئەنجامەكان بگات، بەمەش شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بەرز دەكاتەوه.