149 ناوبژیوان قوماریان بە یارییەكان كردووە
تۆپی پێی توركیا ئابڕووی چوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لیژنەی رێككاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 149 ناوبژیوانی بەهۆی قوماركردن بە ئەنجامی یارییەكان سڕ كرد، لێكۆڵینەوەش لە چەند ناوبژیوانێكی دیكە دەستیپێكردووە.
فیدراسیۆنەکە لە راگەیاندراوێكدا ئاشکرای کرد، سڕکردنەکان لە هەشت مانگەوە دەستپێدەکات تا ساڵێکی تەواو، ئاماژەیان بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن سەبارەت بە سێ ناوبژیوانی دیکە، کە پەیوەندییان بەو دۆسیەیە هەیە.
ئیبراهیم حاجی عوسمانئۆغلو، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی توركیا رایگەیاند، “ناوبژیوانی پیشەیەکی بەڕێز و بەشەرەفە، هەرکەسێک ئەم شەرەفە لەکەدار بکات، چیتر رێگەی پێنادرێت بەشداری لە تۆپی پێی تورکیادا بکات”.
10 لە ناوبژیوانە سڕکراوەکان زیاتر لە 10 هەزار گرەویان لەسەر یارییەکان کردووە، ناوبژیوانێکیش زیاتر لە 18 هەزار گرەوی کردووە، ئەمەش لە دنیا و یاساكانی تۆپی پێدا رێگەپێدراو نییە و پێشێلکردنی یاساكانی یارییەكەیە.