لە بارەی قۆناغە نوێیەکانی ئاشتی قسە دەکەن
ئەمڕۆ شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبنەوە
+964
باخان تۆفیق
ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی ئیمڕاڵی دەڕۆنە دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و لەبارەى هەنگاوەکانى پرۆسەى ئاشتى، گفتوگۆ دەکەن.
لە شاندەکەدا بڕیارە هەر یەکە لە پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری شاری وان، میتهەت سنجار پەرلەمانتاری شاری رەها(ئورفا) بەشدار ببن، تا ئێستاش دیار نییە لە شاندەکەی سەرۆک کۆمار جگە لە ئەردۆغان کێ ئامادە دەبێت.
ئەمە سێیەم کۆبونەوەی شاندی ئیمڕاڵیە لە ماوەی ئەمساڵدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و هەرسێ کۆبونەوەکەش لە کۆشکی سەرۆک کۆماری تورکیا لە “بێشتەپە” ئەنجامدراوە.
دوو کۆبونەوەکانی تر لە رێکەوتی 10.4.2025 و 7.7.2025 ئەنجامدرا بەپێی راگەیاندراوەکانی هەردوولا تیایدا گفتوگۆ لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی و قۆناغەکانی دواتر کراوە، چاوەڕێش دەکرێت گفتوگۆکانی ئەمڕۆ هەر لەبارەی هەمان بابەتەوە بن بەتایبەت پرسی کشانەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە خاکی تورکیا و باکوری کوردستان .