"سێ بۆ چوار سەر ئاژەڵی کوشتووە"
ماددە رەشەکە زیانی بە ئاژەڵی گوندنشینانی دەشتی شارەزوور گەیاند
964+
بڕوا مەجید – شارەزوور
لەسەر رێگای شارەزوور بۆ قەزای دەربەندیخان و لە نزیک گوندی میرەدێ، بۆ جاری دووەم ماددە رەشەکە لە نزیک رێگای سەرەکیی سلێمانی – دەربەندیخان رژێندراوە و سێ بۆ چوار سەر ئاژەڵیشی مردار کردووەتەوە.
قارەمان علی دانیشتووی گوندی چەم و ژاڵە لە سنوری ناحیەی زەرایەن قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “نازانین کێ ئەو ماددە رەشە دەڕژێنێت، جگە لەوەی زیانی زۆری بۆ ژینگەی ناوچەکە هەیە، سێ بۆ چوار سەر ئاژەڵیشی مردار کردووەتەوە”.
“هەر ئاژەڵێک تێی بکەوێ، بە ساغی لێی دەرناچێ، ماددەکە وەک تێزاب وایە و یەکسەر جەستەی ئاژەڵەکە دەسووتێنێ”، قارەمان عەلی وای وت.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە ئاوارە حەمە شەریف بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن، ئەو وتی، “لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگە و هەروەها هێزە ئەمنییەکان بەدواداچوونی وردمان دەستپێکردووە و هەوڵ دەدەین لەڕێی کامێراکانی هاتوچۆوە ئەنجامدەرانی ئەو کارە بدۆزینەوە”.
نزیکەی دوو هەفتەیە رشتنی ئەو ماددە رەشە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و بەتایبەتیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی پشکنین بۆ ئەو ماددەیە دەکات و قەرارە بەمزووانە ئەنجامی پشکنینەکە ئاشکرا بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری