دیزاینەرێکی جلوبەرگی ئیتاڵی
نزیکەی 30 وڵات گەڕاوە و ئیلهام لە جلی کوردییەوە وەردەگرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
لە ئیتاڵیاوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و پڕۆژەیەکی هەیە بۆ دیزاینکردنی دوو کراس و دەڵێت، “ئیلهامم لە جلی کوردییەوە وەرگرتووە”.
جۆو دیزاینەرێکی جلوبەرگە و ئیتاڵییە بە 964ـی وت، پڕۆژەیەکی هەیە کە تیایدا سوود لە کەلتوری جیاوازی وڵاتان وەردەگرێت، بۆ دیزاین کردنی جلوبەرگەکانی، ئەمجارە ئیلهامی لە جلوبەرگی رەسەنی کوردییەوە وەرگرتووە بۆ دیزاینکردنی دوو کراس.
دەشڵێت، تا ئێستا سەردانی نزیکەی 30 وڵاتی جیاوازی کردووە لە سەرانسەری جیهان و دەیەوێت پەرە بە بەکارهێنانی کەرەستەی سروشتی بدات بۆ دروستکردنی قوماش و پێیوایە کە پێویستە سوود لە رابردوو وەربگیرێت بۆ دروستکردنی قوماشی کواڵیتی بەرز.
باس لەوەشدەکات، سەرسامە بەوەی خەڵکی ئاسایی لە کوردستان لە رۆژانی ئاساییدا و لەسەر شەقامەکانیش جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان دەپۆشن، و هیواخوازە لە ئیتاڵیاش ئاوا خەڵکی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان بپۆشن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر