بۆنى گۆگرد و تێزابیان لێدێت
له‌دواى خه‌له‌كان، شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه پاشماوه مه‌ترسیداره‌كه له دوو شوێنى چه‌مچه‌ماڵیش رژێندراوه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دواى ئه‌وه‌ى له هه‌فته‌ى رابردوو، له‌لایه‌ن تانكه‌رێكه‌وه پاشماوه‌ی مادەیەکى رەش لە نزیک گوندی قامیشەى سەر بە ناحیەی خەلەکان رژێندرا بوو، دواى به‌دواداچوون ده‌ركه‌وت كه هه‌مان ماده كه له‌شێوه‌ى نه‌وتى ره‌شه، له شاره‌زوور و هه‌ڵه‌بجه‌ش رێژراوه، ئێستا رژانى ئه‌م پاشماوه‌یه سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵیشی گرتووه‌ته‌وه و له‌وێش له دوو شوێنی جیاواز له‌لایه‌ن تانكه‌ره‌كانه‌وه ئه‌م كاره كراوه.
مه‌عروف مه‌جید، سه‌رۆكى رێكخراوى ئاینده بۆ پاراستنى ژینگه بۆ 964ـى ئاشكرا كرد كه له سنوورى هه‌ردوو ناحیه‌كانى شۆڕش و ئاغجه‌له‌ر ئه‌م پاشماوه‌یه له‌لایه‌ن تانكه‌ره‌كانه‌وه، رێژراوه.
وتیشی “ئه‌و پاشماوه‌یه‌ى له‌ناحیه‌ى شۆڕش رژێندراوه هی سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ره به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاغجه‌له‌ر تازه‌یه”.
لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانى چه‌مچه‌ماڵ تاوه‌كو ئێستا به‌داوداچوون و رێكاریان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دوو حاڵه‌ته نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر، سه‌رۆكى ئه‌م رێكخراوه‌ش ده‌ڵێت “تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك به‌تۆمه‌تى رشتنى ئه‌م پاشماوه‌یه ده‌ستگیرنه‌كراوە”.
به‌قسه‌ى مه‌عروف ئه‌و پاشماوانه‌ى له شوێنى جیاوازى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه رژێندراون زۆربه‌ى پاشماوه‌كان له‌یه‌كتر ده‌چن و تاوه‌كو ئێستاش هۆكاره‌كه‌ى له هیچ یه‌كێك له‌و شوێنانه نه‌زاندراوه.
هەفتەى رابردوو ڤیدیۆى رژانى ماددەیەکى رەش لە ناوچه‌ى گۆمەجولەکەى نزیک گوندی قامیشە بڵاوكرایه‌وه، ئه‌وەش دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەوترا مه‌ترسی بۆ سه‌ر دەریاچەی دوکان و ئاوى خواردنه‌وه‌ى دوو ملیۆن كه‌س له سنورى سلێمانى دروستكردووه ئاماژە بەوەشکرا کە بۆنی تێزابی لێدێت.
هەر زوو تیمەکانی شارەوانی خەلەکان وەخۆکەوتن و دەستیانکرد بە خۆڵ بەسەرداکردنی ماددەکە، بەڵام دوای دوو رۆژ کارەکەیان راگرت، نموونەی ئەو پاشماوەیە براوەتە سلێمانی و فەرمانگەی ژینگە پشکنینی بۆ دەکات و لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەنجامی پشکنینەکە رادەگەیەنن.
دواى ئه‌وه‌ش له شاره‌زوور هه‌مان ئه‌م ماددەیە لەسەر رێگای شارەزوور بۆ قەزای سەیدسادق و بەدیاریکراوی لەسەر رێگای گوندی مالوان رژێندراوە، ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوبەری ناحیەی زەڕایەن به 964ـى وتبوو، مادەکە دەبێتەهۆی پیسبوونی ژینگە و مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات، بۆیە لەو بابەتە بێ خەم نابن.
له نزیك گوندى ده‌ره‌شیشه، له‌سه‌ر رێگاى هه‌ڵه‌بجه بۆ هه‌ورامان و ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 رۆژه پاشماوه‌یەکى ره‌ش له شوێنێك رژێندراوه، دوو كه‌س به‌هۆیه‌وه تۆمه‌تباركراون و له‌لایه‌ن دادگاوه جارێ به‌كه‌فاله‌ت ئازاد كراون.
سوبحان هه‌ورامى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شی هونه‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه كه له نزیكه‌وه ئاگادارى رووداوه‌كه‌یه به 964ـى وت “به‌گشتى پاشماوه‌كه بۆنى گۆگردى لێدێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نازانین چ ماده‌یه‌كه”.