زۆرینەیان دانیشتووى رانیە و قەڵادزێن
ئەمڕۆ 40 گەنج کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە؛ هێشتا چەندین گەنجى تر ماون بگەڕێندرێنەوە
964+
محەمەد عەلى- راپەڕین
کۆمەڵەى پەنابەرەگەڕاوەکان رایدەگەیەنێت؛هێشتا ژمارەیەکى ترى گەنجى کورد لە لیبیا دەستبەسەرن و رێکاریى یاسایى و ئیداریات ماوە بۆ گەڕاندنەوە، داواش لە دایک و باوکان دەکات، رۆڵەکانیان رادەستى مەرگ نەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 40 گەنجى کوردستان کە لە لیبیا دەستبەسەرکرابوون گەڕێندرانەوە کوردستان و لەو ژمارەیە 38 گەنجیان دانیشتووى ئیدارەى راپەڕین بوون.
ئەبوبکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکان بە 964ـى وت،”لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ، 320 کۆچبەر لە وڵاتى لیبیا و 80 کۆچبەر لە تونسەوە، گەڕێندراونەتەوە هەرێمى کوردستان”.
ئاشکراشى کرد، دوو گەنجى کۆچبەر لە لیبیا گیانیان لەدەستداوە و تەرمى یەکێکیان گەڕێندراوەتەوە و لە رۆژانى داهاتووشدا تەرمى گەنجەکەى تر دەگەڕێندرێتەوە.
وەک ئەوەى باسى دەکات، هێشتا ژمارەیەک گەنجى تر ماون کە لە لیبیا دەستبەسەرن یان لە کونسوڵخانەى عێراقن و رێکارى یاسایى و ئیداریان ماوە بۆ گەڕاندنەوەیان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح