کوردەکان گلەییان هەیە

رەوشی پردێ هێور بووەتەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی ناحیەی پردێ، لە ئێستادا بارودۆخی شارۆچکەکە هێوربووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچەیە گلەییان لە بەرپرسانی کورد هەیە بەوەی کە کەسیان ئامادە نەبوون سەردانی ناحیەکە بکەن بۆ ئارامکردنەوەی رەوشەکە.

سەرکار نەوزاد دانیشتووی پردێ بە 964ـی وت، “رۆژانە کەژاوەی بانگەشەی کاندیدانی بەرەی تورکمانی بەناو گەڕەکە کوردنشینەکان دەڕۆن و جاربەجاریش لەلایەن هەندێک کەسەوە بێڕێزی بە کورد دەکرێت و هەر ئەوەش بووەهۆی سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەکان”.

“ئەوەی جێی داخە یەک بەرپرسی کورد سەردانی پردێی نەکردووە بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە، بەپێچەوانەوە هەرچی بەرپرسی بەرەی تورکمانییە هاتوونەتە پردێ و تا بەرەبەیان لە ناحیەکە مانەوە”، سەرکار نەوزاد وای وت.

سەبارەت بەو بابەتە ئەرشەد ساڵحی نوێنەری تورکمان لە پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، “ئەوەی روویدا، لەلایەن کەسانی ئاژاوەگێر و تێکدەر و نابەرپرس بەرامبەر ئەندامان و لایەنگرانمان ئەنجامدرا، پەیوەنیمان بە بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کورد کردووە لە کەرکوک، ئەوانیش دەڵێن، ئەو کوردانە نوێنەری ئێمە نین”.

باسی لەوەشکرد، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، دەبێت بدرێن بە دادگا و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

شەوی رابردوو بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ناحیەی پردێ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان گەنجانی سەر بە بەرەی تورکمانی و گەنجانی کورد دروستبوو و دواتر هێزێکی ئەمنی و سەربازی بە هەمەری سەربازییەوە لە ناو پردێ بڵاوەی پێکرا.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

لە پردێ گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و سوپا بە هەمەری سەربا...

لە پردێ گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و سوپا بە هەمەری سەربازییەوە دەسووڕێنەوە