هاندەرانی هەولێر بۆ یانەی نەورۆز
شەش ملیۆن و 220 هەزار كۆكرایەوە و چاوەڕێی زیاتر بوون
964+
عەبدولعەزیز خالند
لە رێگەی ئەو سندوقانەی هاندەرانی یانەی هەولێر لە بەردەم یاریگەی فرانسۆ هەریری دایاننابوو، بڕەپارەیەك كۆكرایەوە بۆ یانەی نەورۆز، بەڵام پارەكە وەك پێویست كۆنەكرایەوە، سەرپەرشتیارانی كارەكەش دەڵێن، ئەوانەی پارەیان داوە هاندەر و كوڕە هەژارەكانی شارەكەن.
هونەرمەند فاخیر هەریری لەگەڵ كاپتن عیماد ئەسعەد، كاپتنی پێشووی یانەی هەولێر سەرپەرشتی كۆمەكەیان كرد و وەك خۆیان بە 964یان راگەیاند، بڕی شەش ملیۆن و 200 هەزار دینار كۆكراوەتەوە.
ئەوان بەم بڕە رازیی نین و چاوەڕێیان دەكرد پارەیەكی زۆر زیاتر كۆبكرێتەوە، بەڵام دەڵێن جگە لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی یانەی هەولێر، ئەوانی دیكە هەموو كوڕە هەژار و هاندەرانی یانەی هەولێر پارەیان داوە.
بڕیاریش وایە كاپتن عیماد پارەكە بە ئەمانەت بگەیەنێتە یانەی نەورۆز، كە ئێستا لە قەیرانی دارایی دایە و مەترسی ئەوەی لەسەرە نەتوانێت لە خولی ئەستێرەكان بەردەوام بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا