مەسەلە چییە؟
لە پردێ گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و سوپا بە هەمەری سەربازییەوە دەسووڕێنەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە ناحیەی پردێ گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان گەنجانی سەر بە بەرەی تورکمانی و گەنجانی کورد دروست بوو، هێزێکی ئەمنی و سەربازی بە هەمەری سەربازییەوە لە ناو پردێ بڵاوی پێکراوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت ئەمشەو هەینی بە 964ـی وت، لە قەزای پردێ گەڕەکێک هەیە پێشتر ناوی گەڕەکی تسن بوو، بەڵام دواتر گۆڕدراوە بۆ گەڕەکی کوردستان، لە دوای ساڵی 2003 بۆ یەکەمجار دوێنی ژمارەیەک گەنجی تورکمان هەستاون لافیتەی بەرەی تورکمانیان لەو گەڕەکە هەڵواسیوە ، کە لە راستیدا زۆرینەی زۆری دانیشتووانەکەی کوردن، لە بەیانیەوە گەنجانی هەردوو لا گێچەلیان بەیەکتر دەکرد، بەڵام لە ئێوارەوە زیاتر بوو، پۆلیسی ناحیەکەش دەیویست کۆتایی بەو گرژییە بهێنرێت، بەڵام بێ سوود بوو، بۆیە ئێستا سوپای عێراق بە هەمەری سەربازییەوە شانبەشانی هێزە ئەمنییەکان لە ناو پردێ و لە نێوان هەردوولا بڵاوەی پێکراوە بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێ بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا