کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا - وێنە: وەزارەتی دەرەوەی عێراق
لە شەڕی کەنداوەوە دایختسبوو
سویسرا دوای 30 ساڵ باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کردەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە فەڕمی باڵیۆزخانەی سویسرا، دوای داخستنی بۆ 30 ساڵ لە ئەمڕۆ لە بەغدا دووبارە کرایەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوە بە متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەو ژینگە سەلامەت و سەقامگیرەی عێراق ئەمڕۆ بەخۆیەوە دەبینێت، وەسف کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.10.2025 باڵیۆزخانەکە کرایەوە، لەوێ فوئاد حوسێنم جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیگناسیۆ کاسیس هاوتا سویسریەکەی بەشداربوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وێنەیەکی لەلای 964 هەیە، فوئاد حسێن لە وتارێکدا وتوویەتی، دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە بەغدا نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات کە رەنگدانەوەی قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەرجەستەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەو ژینگە سەلامەت و سەقامگیرەی عێراق ئەمڕۆ بەخۆیەوە دەبینێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری سیاسی و ئابوری و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بۆ کۆمپانیا سویسریەکان بۆ وەبەرهێنان لە بازاڕی عێراق و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری.
هەروەها، ئیگناسیۆ کاسیس وەزیری دەرەوەی سویسرا دڵخۆشی خۆی بە کردنەوەی باڵیۆزخانەکە لە بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو رووداوە رەنگدانەوەی بەهێزی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئیرادەی هاوبەشە بۆ پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، گەڕانەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی سویسرا بۆ بەغدا بەڵگەیە لەسەر متمانەی وڵاتەکەی بە رۆڵی ناوچەیی عێراق و ئایندەی ئومێدبەخشی عێراق وەک دەوڵەتێکی چالاک کە بەشدارە لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە ساڵی 1991 لە ئەنجامی شەڕی کەنداو باڵیۆزخانەی سویسرای لە بەغدا داخست، هۆکاری داخستنەکە بە پلەی یەکەم سەرهەڵدانی شەڕی کەنداو بوو، کە مەترسی گەورەی ئەمنیی لێکەوتەوە و وایکرد سویسرا لەو کاتەدا کارەکانی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق رابگرێت.
