ئەو دزەی کەلوپەلی ئۆتۆمبێڵی لە دوکانەکانی پیشەسازی کەلار دەدزی دەستگیر کرا - وێنە؛ پۆلیسی گەرمیان
"هەردوو ئۆتۆمبێلەکەشی دەستیان بەسەرداگیرا"
ئەو دزەی کەلوپەلی ئۆتۆمبێڵی لە دوکانەکانی پیشەسازی کەلار دەدزی دەستگیر کرا
964+
شۆڕش قادری
لە ناوچەی پیشەسازی کەلار دزێک بە دوکانەکان فێربووە و کەلوپەلی ئۆتۆمبێلی لێ دزیون، پۆلیس پێیزانی و قۆڵبەستی کرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی چەند دوکاندارێکی ناوچەی پیشەسازی قەزای کەلار سکاڵایان هێنایە لای پۆلیس و لەحاڵەتی دزیکردن ئاگاداریان کردینەوە ، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت کە بە دوو ئۆتۆمبێل چەندین حاڵەتی دزینی پارچەکانی ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی پێشەسازی کەلار ئەنجامداوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەست بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکەیدا گیراوە کە لە جۆرەکانی “تۆیۆتا شاینە و تۆیۆتا مارک” بوون، لە لێکۆڵینەوەکانیشدا تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.