شاعیرى گەڵاکان

شەش ساڵە پاییز هەتیوە؛ ساڵیادى کۆچى دوایى ژەنەڕاڵى پاییز

964+

وریا فەتاح

لە شیعرێکدا دەیوت:

منم ژەنەراڵی پاییز..
منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژنەراڵم…ژەنەڕاڵی هەزارەها داری رووت و
ملیارەها گەڵای وەریوو….

ئەمڕۆ 22ـى ئۆکتۆبەرى 2025، شەش ساڵ بەسەر مەرگى محەمەد عومەر عوسمان، شاعیر و نوسەری کورد کە بە ژەنەراڵی پاییز ناسراوە، تێدەپەڕێت.

ژەنەڕاڵ، ئێوارەی رۆژى 22ـى 10ـى 2019، لە تەمەنی 62 ساڵیدا بە مردووی لە ماڵەکەی خۆیدا تەرمەکەی دۆزرایەوە.

ژەنەڕاڵى پاییز، شاعیرێکى هەست ناسک و پڕ وشە بوو، ئەو هەمیشە بەجۆرێک لە گۆشەگیرى و تەنیایى دەردەکەوت، کاتێکیش بە رێگادا دەڕۆیشت زۆربەى جار جگەرەیەک بەدەستییەوە بوو.

“هەست زۆر بە تەنیایى دەکەم، ئەو کاتانەى میوانم دێت ئەوکاتە دڵخۆشم، بەڵام هەرچى بێت، مردن وادەکات مرۆڤ بەتەنیا بمێنێتەوە”، حەمە عومەر عوسمان لە بارەى تەنیایى بەم شێوە دواوە.

ئەوەى محەمە عومەر عوسمان جیادەکاتەوە لە شاعیرانى تر، ئەو تەواو پاییزیى بوو، ئەگەر شاعیرەکانى تر بۆ گوڵ و دارستان و جوانى وەرزى بەهار شیعریان هۆنیبێتەوە، ژەنەڕاڵ شاعیرى وەرزى پایز و گەڵاکان بوو.

هیچ شتێک وەک گەڵا میهرەبان نییە، ئەو گەڵایەى لە سێبەرى دانیشتوویت گوێ بەوە نادات تۆ مرۆڤێکت کوشتووە و لە نسێکەى دانیشتووى یان رێبوارێکى و پشوو دەدەیت

منم ژەنەراڵی پاییز..
منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژنەراڵم…ژەنەڕاڵی هەزارەها داری ڕووت و
ملیارەها گەڵای وەریو

***

منم ژەنەراڵی پاییز…
کاسکێتەکەی سەرم هەورە و
ئەستێرەکانی سەر شانم چەند گەڵایەک بە ڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزەبایە و
شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو

***

منم ژەنەراڵی پاییز
خوێنێکی زەرد بەنێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم هەر وەک هەور نمناک
تەنیا من بووم کە لە تابووتی شووشەدا
چەندین گەڵام سپارد بە خاک

***

منم ژەنەراڵی پاییز
من بووم لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا…کەوتمە جەنگ و
زۆر گەڵام دەرهێنا لە چنگ
من بووم شەوی گەڵاکانم…
خستە ژێر بالی تریفە و ورشەی گزنگ

***

منم ژەنەراڵی پاییز
پاییز بەبی من هەتیوە و
من بووم وتم بەڵێ تەرمی نسێی سەوزە…
گەڵای وەریوی کۆچکردوو
تەنیا منم کە لە میحرابی پاییزا…
بۆ گیانی زیندووی گەڵاکان…
نوێژی شەهید دائەبەستم…ناوی نانێم نوێژی مردوو

1990/02/28

سلێمانی

هەفتەى داهاتوو وەرزى شاعیران دەستپێدەکات

هەفتەى داهاتوو وەرزى شاعیران دەستپێدەکات