سودانى بۆ میدیاكارانى عه‌ره‌ب و بیانى:
“داهاتی نانه‌وتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بەردەوامی پێدانی موچەى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم نییە”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دیدارێكى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له میدیاكارى عه‌ره‌ب و بیانى ئه‌نجامدا و دۆخى ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى بۆ باسكردن، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ى بۆی باسكردبوون نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بوو.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران كه ئاژانسی هه‌واڵى عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه محه‌مه‌د شیاع سودانی دیداره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ میدیاكاران بۆ تاوتوێكردنی پرس و دۆسیه و رووداوه جیاوازه‌كانی ناوخۆ و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بووه و باسی له‌وه‌كردووه كه دۆخى دارایی و ئابوری عێراق له باشترین ئاستیدایه، به‌ڵام كورتهێنانى بودجه‌كه‌ى بۆ سیاسه‌تى نادروستی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له ماوه‌ی پێشوه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌رێمى كوردستانیش باسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كردووه و رایگه‌یاندوه كه “پرسی نه‌وتمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی كردۆته‌وه كه له ساڵی 2009ه‌وه هه‌ڵپه‌سێردراوه، له ئێستاشدا به‌دواداچون ده‌كه‌ین بۆ داهاتی نانه‌وتی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پێدانی موچه نابێت”.