باڵەخانەی پەڕلەمانی کوردستان - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەڵێنی چوونە پەرلەمان بوو
لە چوار ساڵدا 716 بەڵێن بە خەڵک دراوە، 33 دانەی جێبەجێ کراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دامەزراوەی پەی بە داتا دەڵێ لە چوار ساڵدا “خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان 2018 بۆ 2022” 716 بەڵێن بە خەڵک دراوە بۆ چوونە پەرلەمانی کوردستان، تەنیا 33 دانەی جێبەجێ کراوە.
22%ـی بەڵێنەكانی پارتی، یەكێتی 7%، نەوەی نوێ هیچ بەڵێنێک، رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل كە دوو حزبی نوێن و لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداریان كرد، 421 بەڵینیان داوە.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ دووشەممە 20.10.2025 لە راپۆرتێكدا بەناونیشانی “بەڵێنی زۆر و بێ كرداری حزبەكان” بڵاویكردەوە، ئەو بەڵێنانەی كە لایەنە سیاسیەكان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كورستان لە 2018 داویانە بریتی بوە لە 716 بەڵین، كە تەنیا 33ـیان جێبەجێكراوە و 79ـی كاری لەسەر دەكرێت و 604 بەڵێنیش جێبەجێ نەكراوە.
رێژەی جێبەجێکردنی بەڵێنی لایەنەکان لە خولی 5 پەرلەمانی کوردستان بەم جۆرە بوون:
پارتی لە کۆی 62 بەڵێن 14 جێبەجێکردوە
یەکێتی لە کۆی 181 بەڵێن 14 جێبەجێکرد
گۆڕان لە کۆی 228 بەڵێن تەنیا 2 جێبەجێکردوە
نەوەی نوێ لەکۆی 50 بەڵێن هیچی جێبەجێ نەکردوە
یەکگرتو لەکۆی 126 بەڵێن تەنیا 1 بەڵێنی جێبەجێکرد
کۆمەڵ لە کۆی 69 بەڵێن تەنیا 2 بەڵێنی جێبەجێکرد
بەگوێرەی راپۆرتەكەی پەی، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كورستان، پارتی 62 بەڵینی داوە كە تەنیا 14 جێبەجێكراون و 14ـی دیكەش كاری لەسەردەكرێت و 34ـیان جێبەجێ نەكراون. هەروەها یەكێتی 181 بەڵێنی داوە كە 14ـی جێبەجێكراون، 17ـی كاری لەسەردەكرێت و 150 بەڵێنی دیكەی یەكێتێش جێبەجێ نەكراوە.
گۆڕان لە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كورستان 228 بەڵێنی داوە، تەنیا 2 بەڵین جێبەجێكراوە و 5 بەڵێنیش كاری لەسەركراوە و 221 بەڵێنیشی جێبەجێ نەكراون. نەوەی نوێش لە 50 بەڵێن، هیچیان جێبەجێنەكراون. یەكگرتوش لە 126 بەڵین، 104ـی جێبەجێ نەكرا و كۆمەڵیش لە 69 بەڵین، 45 بەڵینی جێبەجێ نەكراوە.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كورستان، پارتی 155 بەڵینی داوە كە 133ـیان جێبەجێ نەكراون و 85%ـی دوبارەبوون. هەروەها یەكێتی 181 بەڵێنی داوە 174 بەڵینی جێبەجێنەكراوە و 96% دوبارەبوون، گۆڕان 75 بەڵینی دا و 70 جێبەجێنەكران كە 93% دوبارەبوون.
لەبارەی رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل كە دوو حزبی نوێن و لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشداریان كرد، 421 بەڵینیان داوە، كە هەڵوێست 143 بەڵینی دواوە و بەرەی گەلیش 278 بەڵینی داوە.
