ساڵێک چاوەڕوانی بێ ئەنجام

پەرلەمانی کوردستان لە نێوان سندوقی دەنگدان و قەیرانی سیاسیدا

964+

شۆڕش قادری

ئەمڕۆ، 20ـی تشرینی یەکەمی 2025، ساڵێکی رەبەق بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا ئاسۆی پێکهێنانی دامەزراوە یاسادانان و جێبەجێکارەکانی هەرێم ناڕوونە.

سەرەڕای بەشداریی دەنگدەران و هیواکانیان بۆ خولێکی نوێی نوێنەرایەتی، پاشەکشەی سیاسی و ناکۆکیی نێوان لایەنە سەرەکییەکان بووەتەهۆی ئەوەی پەرلەمانتاران کۆنەبنەوە و هیچ بڕیارێک لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان دەرنەچێت.

دوای زنجیرەیەک دواکەوتن کە چەندین جار وادەی هەڵبژاردنی گۆڕی، دواجار لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوای 10 رۆژ ئەنجامە کۆتاییەکانی راگەیاند، کە تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسییان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لایەنەکانی دیکەش بەپێی دەنگەکانیان کورسییەکانیان مسۆگەر کرد.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوو لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی  هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئەم هەنگاوە سەرینەگرت و دانیشتنەکە بە کراوەیی مایەوە

یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، محەمەد سلێمان، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ، بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد،  بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کە دەبوو لە هەمان دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتی (سەرۆک، جێگر و سکرتێر) هەڵبژێردرێت، بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان ئەم هەنگاوە سەرینەگرت و دانیشتنەکە بە کراوەیی مایەوە.

 ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و میکانیزمی هاوبەشیی راستەقینە لە حکومڕانیدا، پڕۆسەکەی خستووەتە قۆناغێکی چەقبەستووییەوە

لەو کاتەوە تا ئێستا، هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت بەدی نەکراوە، ناکۆکییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و میکانیزمی هاوبەشیی راستەقینە لە حکومڕانیدا، پرۆسەکەی خستووەتە قۆناغێکی چەقبەستووییەوە، ئەم دۆخە نەک هەر بۆشاییەکی یاسایی و سیاسیی دروستکردووە، بەڵکو بووەتە مایەی نیگەرانیی قوڵی ئەو دەنگدەرانەی کە بە هیوای چارەسەرکردنی کێشەکان و باشترکردنی ژیانیان دەنگیاندا.

چارەنووسی خولی شەشەمی پەرلەمان و حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هێشتا نادیارە و چاوەکان لەسەر دانوستانی نێوان هێزە سیاسییەکانە بۆ دەرچوون لەم بازنە داخراوەی چاوەڕوانیدا، کە ئیرادەی دیموکراسیی خەڵکی کوردستانی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.

کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان...

کۆمسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدات

ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدات

بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کو...

بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە