عەمرە بەشەرتى دەنگ
عەجیب و غەریب؛ پەرلەمانى قۆنتەرات و هونەرمەندە ساختەپییەکە
964+
وریا فەتاح
عەجیب و غەریبى ئەمجارە، قسەوباسە لەسەر ژمارەیەک دیارە و سەیروسەمەرەى دیکەى بانگەشە، هەر لەو کاندیدەى خەڵک دەنێرێتە عومرە، تا ئەو هونەرمەندەى دواى سابونە ساختەکە دەستى داوەتە بانگەشەى هەڵبژاردن.
بیرتانە، جاری پێشوو پێم وتن خێزان هەیە پەرلەمانیان بە قۆنتەرات گرتووە، هەموو خولێک دەبێت یەکێکیانی تێدا بێت، باسی چەند دانەیەکم کرد، کەسێک لە کۆمێنت نووسیبووی کاکۆ هەر ئەوە نییە بیرت چوو، هەمانە ژنەکەی لە پەرلەمانەکەی خۆمان سەرۆک بووە، ئێستا پیاوەکەش بۆ ئەم خولە کاندیدە، لە ئێستاوە پێیان بڵێن منداڵەکانیان ناو بنووسن دوو سێ خولی داهاتوو نۆرەیان دێت.
ئەم هەڵبژاردنە شتی زۆر سەیری تیایە، جاران لە کاتى بانگەشە هەندێ لە کاندیدەکان بەتانی و زۆپا و پانکەیان دابەش کردووە، بەڵام ئا ئەمەیان زۆر تازەیە، کاندیدێکی لای خۆمان سەروو چل کەسی ناردووە بۆ عەمرە، خێری بنوسێ و خوا قبوڵی بکات، بەڵام پیاو لەوە دەترسێت کاتی دەنگدانەکە دەنگدەرەکانی لە عەمرەبن و رەنج بە خەسار بێت.
حەمدی شاعیر دەڵێت:
وا عەجەب ماوم کە ماوم، بۆ بەبێ تۆ نامرم….
وامدەزانی کەڵکی ئانی هیجری دلبەر ناگرم …..
شێخ و دەروێش و مورید و جاهید و پیر و جەوان…..
گەر بەبێ عەشقت موسڵمانن ئەوا من کافرم……
عەجیب و غەریبى ئەمجارە، شتى سەیرى تێدایە و بینەرى بن…