"کۆن نابێت"
باس باسى کچەکەى شەمخانییە؛ بە جلى نیمچەڕووتەوە ئاهەنگى هاوسەرگیرى کردووە
964+
شڤار قادر
دوو رۆژە لە سۆشیال میدیاى خۆمان، باس باسى ئاهەنگى کچەکەى عەلى شەمخانییە، کە هاوشێوەى خەڵکە سەرمایەدارەکانى ئەورووپا، لە هۆڵێکى گرانبەهاى تاران ئاهەنگى هاوسەرگیرى دەکات.
لە دەستپێکدا، شەمخانى دەستى کچەکەى گرتووە کە بە جلى بوکێنى کراوە و نیمچە رووتى سپىـ بەرەو هۆڵەکە دێن، دواتر ئاهەنگ و خۆشى و هەڵپەڕکێ و هەلهەلە، هۆڵەکە پڕدەکەن لە دەنگ.
عەلى شەمخانى کێیە؟
شەمخانى، راوێژکارى باڵاى رێبەرى ئێرانە و یەکێکە لە پیاوە نەریتخوازەکانى ئێران، لە جەنگى 12 رۆژى ئێران و ئیسرائیلیش، کرایە ئامانج و بەسەختى بریندار بووو.
چەند رۆژێکە، لە سۆشیال میدیاى خۆمان باس باسى ئاهەنگى کچەکەى شەمخانییە و خەڵک بە کۆمێنتى جیاواز را و بۆچوونى خۆیانیان لەبارەوە دەردەبڕن، یەکێ پێى وایە ئاساییە و یەکێ تر دەڵێت، بۆ خەڵکى بڤەیە و بۆ خۆیان رەوا،، یەکێکیش دەڵێت، ئەى بۆ پێیان قبوڵنەکرا ژینا تەنیا لەچکى نەکردبوو، بەڵام بۆ کچەکانى خۆیان قبوڵیانە و بە جلى نیمچە رووتەوە ئاهەنگ دەکەن.
ئاهەنگەکە پار بووە نەک ئەمساڵ
ئەوەى پێویستە بیزانیت، ئاهەنگەکە بەهاری ساڵی رابردوو لە هۆتێلە بەناوبانگەکەی تارانی پایتەخت، هۆتێل ئێسپیناس بەڕێوەچوو کە زۆر جار شوێنی کۆبوونەوەی کاربەدەستان و پێشوازی لە میوانانی بیانییە،،دەشوترێت یەک ملیار و 400 ملیۆن تمەن تێچووى ئاهەنگى کیژەکەى شەمخانى بووە، ئەوکاتیش رەخنەى زۆرى لێ گیرا، ئارمانی میللی، یەكێک لە رۆژنامە دیارەکانی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەر بە رەشبینی تۆمەتبار نەکرێین، دەتوانین بپرسین، چۆن باس لە خۆڕاگری خەڵک بەرامبەر گەمارۆ ئابوورییەکان بکەین، لەکاتێکدا ئاهەنگی هاوسەرگیری کچی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەکەمان لە گەورەترین و گرانترین هۆتێلەکان بەڕێوەدەچێت؟.
بۆچى جارێکى تر ئەو ڤیدیۆیە بڵاو بووەتەوە؟
دەوترێ، ئێران لە هەوڵدایە جارێکی تر یاساکانی باڵاپۆشی توند بکاتەوە و نزیکەی 80 هەزار کەسی لەناو پۆلیسی ئەخلاق کارا کردووەتەوە، جا بەم ڤیدیۆیە دەیانەوێت بڵێن ها جەناب ئەوە خۆتان و ئاهەنگەکانتان، واز لە خەڵک بهێنن چۆن دەژیت.
جا ئەوەى بەلاى هاوڵاتیانى کوردەوە جێى باسوخواسە ئەوەیە، بۆچى نەیانتوانى قبوڵى بکەن کە ژینا لەچکەکەى توند نەکردووەو لە ناوەڕاستى تاران بەو دەردەیان برد، کەچى بۆخۆیان حەڵاڵ و زەڵاڵە بە جلى نیمچە رووتەوە کچەکانیان دەربکەوێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح