"بازرگانی ماددەی هۆشبەر زۆر بوونە"
فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین بۆ 964: سەگی پۆلیسیمان هێناوە
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هێزەئەمنییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە بەکارهێنانی سەگی پۆلیسی هەڵمەتێکی چڕیان بۆ نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و چەک و تەقەمەنی دەستپێکرد.
لیوا مستەفا ئەحمەد، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، سەگی پۆلیسی K9ـمان بۆ سەرجەم بازگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە دابینکردووە و لە ماوەکانی داهاتوودا بۆ قەزاکانیش دابینی دەکەن، بە مەبەستی ئاشکراکردنی چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەر.
وتیشی، ماوەیەکی زۆرە دیاردەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر رووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک لە هەفتەی رابردوو لە هەڵمەتێکدا، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 28 کەس بە تۆمەتی مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیراون.
لیوا مستەفا ئەحمەد ئاشكرای كرد، سەگە پۆلیسییەكان ماوەیەکی زۆرە لەلایەن تیمێکی تایبەتەوە مەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت و لە چەندین ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتدا بەشدار بوون.
“زۆرجار توانیومانە لە رێگەی ئەم سەگە پۆلیسییانەوە بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئاشکرا بکەین و بگەینە شوێنی بەڵگەی تاوان”، لیوا مستەفا ئەحمەد وای وت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا