لە سلێمانی گردبوونەوە
بەشێكی دەرچووانی پۆلی 12 لە ئەنجامی زانكۆلاین ناڕازین
964+
دیلان محەمەدجەزا
ئەم بەیانییەی شەممە لە سلێمانی، ژمارەیەك قوتابیی دەرچووی پۆلی 12، كە نمرەی بەرزیان هێناوە، بەڵام لەو كۆلیژانەی ناویان هاتووەتەوە، پێی رازیی نین و پێیان وایە غەدریان لێكراوە.
قوتابییەكان لە بەردەم كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی گردبوونەوە و دایكی یەكێك لەو قوتابییانە بە 964ی راگەیاند، نمرەی كوڕەكەی 96.56 بووە و لە دەرمانسازی وەرگیراوە، لە كاتێكدا چاوەڕێ بوو لە پزیشكی ددان ناوی بێتەوە، لەبەر یەك پۆینت لە پزیشكی ددان وەرنەگیراوە و كورسییەكانیش كەمكراوەتەوە”.
وتیشی، “پرسیارمان كردووە و زانكۆ دەڵێ هیچ ئاگادار نین و هیچمان بۆ نەهاتووە”.
قوتابییەكیش لەمبارەیەوە دەڵێت، “كەمترین شت چاوەڕێی پزیشكی ددان بووم، بەڵام لە دەرمانسازی ناوم هاتووەتەوە”.
“سەیری دەرەجەكانم كردووە لە زانكۆلاین و لە زاخۆ بە نمرەی 96ی رێك، قوتابی لە پزیشكی گشتی وەرگیراوە، پێموایە نابێت جیاوازی لە نێوان شارەكان بكرێت”.
كچە قوتابییەكیش كە ماسكی لەسەر دەموچاوی داناوە، بە 964ی وت، لە دەرمانسازی پارالێلی سلێمانی ناوی هاتووەتەوە، بەڵام دەبوو لە خوێندنی خۆڕایی ناوی بێتەوە.
وتیشی، “دەبووایە نمرەكانی دەرمانسازی وەك ددان و پزیشكی گشتی دابەزیبوایە، بەڵام كورسییەكانی كەمكراتەوە و ئەمەش وایكرد ئێمە وەرنەگیرین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا