بەشەناوخۆیى شەهید شەوکەت - وێنە:964
خوێندکارانى بەشەناوخۆیى شەهید شەوکەت: سەرمامانە و ئاوى گەرممان نییە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
لەمەودوا کەشەکە هەر بەرەو ساردییە، خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی “شەهید شەوکەت” لە شاری هەولێر، داوای دابینکردنی ئاوی گەرم دەکەن و دەڵێن ناچارن بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن.
دوو خوێندکاری دانیشتووی ئەو بەشە ناوخۆییە 964یان لە کێشەکەیان ئاگادارکردەوە و نیگەرانی خۆیان و هاوڕێکانیان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا کە لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوادا، گرفتی نەبوونی ئاوی گەرم بۆیان دروست بووە.
964 کێشەى ئەو قوتابیانەى گەیاندە لاى رێباز ئەرگوشى، بەڕێوەبەرى بەشەناوخۆیى شەهید شەوکەوت، لەوەڵامدا وتى،”ماوەی دوو سێ رۆژە کەشەکە سارد بووە، سیستەمی ئاو گەرمکردنەکەمان بۆیلەرە و پێویستی بە کاتە تاوەکو ئاوە ساردەکە بەتاڵ دەبێت و ئاوی گەرم جێی دەگرێتەوە.”
خوێندکارانی دڵنیا کردەوە کە چارەسەری کێشەکە دەکەن و هەر لە شەوى داهاتووەوە سیستەمە ساردییەکە رادەگرن.
جەختیشى کردەوە کە سەردانى قوتابیانى کردووە و لە رۆژى هەینی، لە کاتژمێر 10ـى بەیانى تا 12:30 خولەکى شەو، ئاوى گەرم دابین دەکەن، هەروەها شەوى سێشەممەى داهاتووش لە 7ـى ئێوارە تا 11:30 خولەکى شەو، ئاوى گەرم بەردەست دەبێت.
بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 100 خوێندکار لەخۆدەگرێت و هێشتا خوێندکارانی قۆناغی یەک نەگەیشتوونەتە بەشە ناوخۆییەکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح