بەزمى بانگەشە

عەجیب و غەریب؛ کاندیدى مامان و کاندیدى پەرلەمانتار

+964
وریا فەتاح

کاندیدی مامان و شێرە کاندیدو خێزانە کاندید، عەجیب و غەریبى ئەمجارە، هەندێ بەزمى بانگەشە و کاندیدان دەخاتەڕوو.

خوا فرسەتی بدات، لەم کوردستانەی خۆمان شێرە کاندیدمان هەیە سێ هەڵبژاردن کاندید بووە، جا سەیر ئەوەیە هەر سێ جارەکە لە سێ لیستی جیاواز کاندید بووە، ئەوە کەسێک لە کۆمێنت بۆی نوسیبوو: ئەمە هەڵبژاردن بە رێی قاچاغ تێگەیشتەوە، دەڵێ با لێیدەم بەڵکو خوایە جارێک دەرچم.

وەک چۆن لیست گۆڕین هەیە، ئێستا مۆدێلی پارێزگا گۆڕینیشە، ئەوە کاندیدێک هەبوو پار لەسەر هەڵەبجە کاندید بوو، ئەمجارە لەسەر هەولێر، خۆشییەکە ئەوەیە ئێستا لە سلێمانی بانگەشە دەکات.

لە یاری زۆرانبازیدا ئەوەتان بینیوە دوو یاریزان دەست دەدەن بە دەستی یەکدا بۆ ئەوەی شوێنگۆڕکێ بکەن، لە ناو هەڵبژاردنیش ئەوە هەیە، پەرلەمانتارێک هێشتا خولەکەی خۆی لە بەغدا تەواو نەکردووە کەچی مێردەکەیان کاندید کردووە، دانەیەکی تر هەیە بە پێچەوانەوە هێشتا پیاوەکە لەوێیە ژنەکەیان کانیدید کردووە…. کۆمێنتێکم بینی نوسرابوو پاروو لە دەم بکەوێتە خوارەوە بۆ کۆش باشە.

عەجیب ئا ئەمانەن، چەند کاندیدێکمان هەن، هێشتا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانن کەچی بۆ بەغدا خۆیان کانید کردووە، جا ئەمانە چاکی لێدەزانن دەڵێن ئەوەی بەغداش نەبوو پەرلەمانەکەی خۆمان لێرەیە راناکات.

خێزانمان هەیە ئا لەم هەرێمەی خۆیان کاندیدبوونیان بە قۆنتەرات گرتووە، هەڵبژاردن نییە کەسێکی ئەو ماڵەی تیا نەبێت، یان کوڕێکیان یان زاواکەیان کاندیدە.

هەتا ورد ببیەوە شتى عەجیب و غەریب دەبینى، کاندیدێک هەیە تاقەتى نییە بێتەوە کوردستان و لە ئەوروپاوە بانگەشە دەکات، خراپیش نییە ئەگەر دەرچوو دێتەوە، دەرنەچوو زەرەرى نەکردووە.

عەجیبێکی تر: لە میسان ژنە کاندیدێک هەیە هەر کەس هەڵدەستێ قسە لەسەر بڕوانامەکەی دەکات، دەڵێن ئەمە خۆی مامان بووە، بەڵام چەند ساڵێک پێش ئێستا بە واسیتەی حیزب ناردوویانە بۆ ئێران و لەوێ بووە بە پزیشک و دوایی هاتووەتەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان خەڵکی چارەسەر کردووە، ئێستا بووە بە کاندید دەستەکەی لێ کەشف بووە، کاندیدەکەش دەڵێ وانییە و بە حەقی حەڵاڵ و زوڵاڵی خۆم بڕوانامەکەم هێناوە.

لەم عێراقە هیچ شتێک ئامانی نییە، بیستتان یەکێک لە کانیدیدەکانی پەرلەمان لە بەغدا کوژرا، سەفا مەشهەدانی کاندیدی لیستەکەی خەمیس خەنجەرە، لە ناو جەرگەی بەغدا بە تەقینەوەیەک کوشتیان، تا ئێستا نازاندرێت کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئەم رووداوە کانیدیدەکانی تری ترساندووە.

عەجیب و غەریب؛ یەکێک باسکی هەڵبڕیوەو یەکێکی تر تەقلەی ...

عەجیب و غەریب؛ یەکێک باسکی هەڵبڕیوەو یەکێکی تر تەقلەی لێداوە