دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر - وێنە: KRG
"بە گیانی میانڕەوی"
پەیمانگەی ئەزهەر لە هەولێر بناغە دەکرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هەولێر بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر دانرا، پەیمانگەی ئەزهەر لە ساڵی 2008 لەشاری هەولێر کراوەتەوە و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی تێدایە، ئێستا 308 قوتابی تێیدا دەخوێنن.
بڕیارەکە بەو جۆرەیە، دوای دانانی ئەم بەردی بناغەیە باڵەخانەکەی تەواو بکرێت و بەشی زانستیی و بەشی کچانیش لە پەیمانگاکە دەکرێتەوە.
لە رێورەسمی کردنەوەی، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی وتی، دڵخۆشن بە دانانی بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر، کە لە ئاستی عێراق تەنیا لە هەولێر ئەم پەیمانگایە هەیە.
ئێستا زیاتر لە 300 قوتابی هەیە و لە هەمانکاتیشدا 82 قوتابی لە زانکۆی مەشێخەی ئەزهەر دەخوێنن، لە بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا, وەزیر وتی، ئەو مامۆستایانەی کە وانەیان دەوتەوە رۆڵێکی گەورەیان هەبووە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئەم سەرکەوتنە بەدەست بێت.
هەروەها، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەڵێ، ئەمڕۆ کە بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەرمان دانا، هیوادارین ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ زیاتر پێگەیاندنی زانایانی ئاینی بە گیانی میانڕەویی، کە زانکۆی ئەزهەری شەریف لە جیهانی ئیسلامیدا پێیدا ناسراوە.